لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕێی كارنامه‌ی پارتی ده‌كه‌ن

پارتی كارنامه‌ی حكوومه‌تی ئاشكرا نه‌كردووە

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە حزبەكەی  تائێستا كارنامەی بۆ كابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لایەنەکان ئاشکرا نەکردووە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە پێویستی دەزانێت كارنامەی ئەمجارەی حكوومه‌ت ھەمووی بۆ خزمەتی خەڵك تەرخان بکرێت.

ئەو لایەنانەی نیازی بەشداریکردنی حکوومەتیان ھەیە، چاوەرێن پارتی کارنامەی کابینەی داھاتوویان بۆ بنێرێت، بەڵام پارتی تائێستا ئەو بەرنامەیەی ئاشکرا نەکردووە کە بۆ کابینەی نۆیەم دایناوە، وەك خۆشیان دەڵێن كارنامەیەك دادەنێن، بە دڵی ئەو لایەنانە بێت، کە لەگەڵ پارتی حکوومەت پێکدەھێنن

جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "پارتی ھەموو كات سیاسەتی نەرم و نیانی پەیڕەو كردووە، دڵنیام ئەمجارەش پارتی دەرگا بۆ ھەموو لایەنەكان دەكاتەوە كە بیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن. پارتی دەیەوێت چوار ساڵی سەقامگیر بەڕێ بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵك بكەین".

بزووتنەوەی گۆڕان تائێستا خۆی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت یەکلا نەکردووەتەوە، چونکە لە نێوان بەشداریکردن و نەکردن بزووتنەوەکە دابەشی دوو بەرە بووە، بەڵام وەك ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە دەڵێت، لە ئەگەری بەشداریکردنی گۆڕان، بەرنامەکەیان ئەو بەرنامەیە دەبێت، کە پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی عێراق داینابوو.

عەبدولرەحمان موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "ئەوەی ئێمە داوای دەكەین بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت، وەك ئەو داواكاریەی پارتییە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق، ئێمە دەمانەوێت شەراكەتی راستەقینە ھەبێت لە ھەرێمی كوردستان، نەك تەنھا وەزیر بدرێت بە لایەنەكان، بەڵكو لە خواروی وەزیر تا دەگاتە ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان شەراكەت ھەبێت".

تایبەت بە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، پارتی تەنھا یەکێتی و گۆڕانی بە فەرمی بینیووە، جگە لە بەرچاو روونیش، پارتی تا ئێستا نە باسی دابەشکردنی پۆستەکانی لەگەڵ ئەو دوو لایەنە کردووە، نە كارنامەی حکومەتەکەشی لەگەڵ باس کردوون.