ئهمەریكا داوای ههماههنگی پێشمهرگه و سوپای عێراق دهكات
فهرماندهی مارێنز: كار بۆ ههماههنگی پێشمهرگه و سوپای عێراق دهكهین
K24 - ھەولێر
ئەمەریکا دەیەوێت هەماهەنگی لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە دروست بکات، جەنەڕاڵ ئۆستن رێنفۆرت کە فەرماندەی هێزەکانی مارێنزە لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند "بوونی هەماهەنگی لە نێوان پیسمەرگە و سوپای عێراق پێویستییە و ئێمە کار بۆ دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە دەکەن".
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕوانە پۆستی وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق یەکلا بکرێتەوە و كابیبەی نوێی حکوومەتی ههرێمی کوردستان پێك بھێندرێت، تاكو بە زووترین کات گفتوگۆ دەست پێبکاتەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 گوت: "جگە لە ھەماھەنگی كێشەی بودجەمان ھەیە، كە بودجەی پێشمەرگە بەشێك بێت لە بودجەی سیادی وەزارەتی بەرگری عێراق، ھەروەھا پێداویستییەكانی ھێزی پێشمەرگە لەو چوارچێوەیە دابین بكرێن، یەكێكی دیكە لە بابەتەكان كاری ھاوبەشە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "چاوەڕێین تاكو كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بە تەواوی دامەزرێن، ئەو كاتە شاندەكان گفتوگۆ لەسەر كێشە ھەڵبەسێردراوەكان دەكەن".
جەنەڕاڵ ئۆستن رێنفۆرس، فەرماندەی فیرقەی 4ی مارێنز بە كوردستان24 راگەیاند: "لە عێراق شتێك هەیە کە پێویستە هەموومان بیزانین، ئەویش ئەوەیە کە داعش هێشتا ماوە، پێویستە رێگە نەدرێت بۆشایی دروستبێت چونکە داعش ئەو بۆشاییانە بۆ بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە".
راشیگەیاند: "ئێمە لە هەوڵداین هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکەین، ئەوە زۆر گرنگ و پێویستە، دەمانەوێت ژورێکی ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی هاوبەش هەبێ لە نێوانیان".
هاوکات ئەنجێڵۆ یاکێتی، فەرماندەی سەنتەری کوردستان بۆ مەشق و هەماهەنگی کەی تی سی سی، پێیوایە بوونی ئەو هەماهەنگییە کارێکە دەبێت بکرێت. ئەو دەڵێ: "ئێمە وەك سەنتەری کوردستان بۆ مەشق و هەماهەنگی کە ئێستا نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین لە کوردستان، دەمانەوێ دوو کار بە زووترین کات ئەنجامبدرێت، یەکەمیان یەکخستنی هێزی پیشمەرگەیە دووەمیان یەکخستنی ریزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەیە، دەبێ ئەو دوو هێزە هەماهەنگییان هەبێت، چونکە چارەنووسیان بە یەکەوە بەندە".