23 توشبووی ئایدز لە ھەرێمی كوردستان رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە

ئەمساڵ 6 حاڵەت لە ھەرێمی كوردستان تۆماركراوە"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئەمساڵ 6 حاڵەتی ئایدز لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و 23 كەسی بیانیش بەھۆی ئایدزەوە رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە.

دكتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "حاڵەتەكانی توشبوو لە ھەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی دیكە زۆر كەمە، لە ساڵی 2018 لە ھەرێمی كوردستان 6 حاڵەتی ئایدز تۆماركراوە، بەمەش كۆی حاڵەتەكانی ئایدز كە لە ساڵی ھەشتاكانی سەدەی رابردووەوە تائێستا گەیشتووەتە 32 حاڵەت، كە ژمارەیەكی زۆر كەمە".

ئەوەشی خستەڕوو: "كەمبوونی ژمارەی توشبووان بە ئایدز لە ھەرێمی كوردستان دەرئەنجامی ئەو ھەوڵانەیە كە ھەیە و خۆشبەختانە توانراوە نەخۆشییەكە لەو ئاستە نزمە رابگیرێت".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشكراشی كرد: "لە ئەمساڵدا 23 حاڵەتی ئایدز ھەبووە كە خەڵكی بیانی بوونە لە دوای پشكنین رەوانەی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە".

راشیگەیاند: "ئێستا لە ھەموو شارەكانی كوردستان ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی ئایدز ھەیە، بۆ ئەوەی لە ھەر ناوچەیەك حاڵەت ھەبێت ئاشكرا بكرێت".