کامێرایەک گفتوگۆیەکی نهێنی ماکرۆن و شازادەی سعوودییە ئاشکرا دەکات

بێ ئاگان لەوەی کامێرایەک قسەکانیان تۆمار دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە چەند لێدوانێک لەبارەی کوشتنی جەمال خاشوقچی دەدەن و ماکرۆن پێی دەڵێت :"تۆ هەرگیز گوێ لە من ناگری".

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ماکرۆن و شازادە بێ ئاگان لەوەی کامێرایەک تەواوی قسەکانیان تۆمار دەکات، بۆیە بە راشکاویی ماکرۆن نیگەرانی خۆی لە کارەکانی محەمەد بن سەلمان نیشان دەدات.

ماکرۆن: من نیگەرانم، ئەمەم پێ گوتی.

شازادە: بەڵێ، پێت گوتم.

ماکرۆن: تۆ هەرگیز گوێ لەمن ناگری.

شازادە: نا، بە دڵنیاییەوە من گوێ لەتۆ ئەگرم.

ماکرۆن: من پێم گووتی کە چی بۆ تۆ گرنگە.

دواتر ماکرۆن شتێک دەڵێت کە نابیسترێت، شازادەش لە وەڵامدا دەڵێت: من دەتوانم لەگەڵ ئەوە هەڵبکەم.

لە کۆتایی قسەکانیان سەرۆکی فەرەنسا بە شازادەی سعوودییە دەڵێت: من خاوەنی قسەی خۆمم.

رەخنەیەکی زۆر لە شازادەی جێنشینی سعوودییە بەهۆی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی دەگیرێت و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان نیگەرانن لە بەو جۆرە لەناوبردنی ئەو رەخنەگرەی سیاسەتەکانی سعوودییە، ئەمەش پێگەی شازادەی جێنشینی وەک کەسێکی کاریگەری سعوودییە، گوماناویی و ناروون کردووە.

H.J