شەقامەکانی پاریس بوونەتە مەیدانی تووندوتیژی

ماکرۆن: خۆپیشاندەران گێرەشێوێنن

K24 – هه‌ولێر:

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی فەرەنسا بەهۆی زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بەردەوامە و تا دێت تووندوتیژی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.

خۆپیشاندەران باڵەخانە، ئۆتۆمبێل دەسووتێنن و به‌رد دەگرنە پۆلیسەکان، پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ، بەرد و هاوێژەری ئاو وەڵامیان دەداتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بی بی سی، تاکو ئێستا 110 کەس بریندارن کە 17 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها 270 کەسیش دەستگیر کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، 75 هەزار کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا لە خۆپیشاندانەکان بەشدارن و تاکو ئێستاش شەش باڵەخانە سووتێنراون.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، نرخی بەنزین لە فەرەنسا بە رێژەی 23% بەرزبووەتەوە، واتە هەر لیترێک بەنزین بە یەک یۆرۆ و 51 سەنتە (زیاد لە دوو هەزاری دیناری عێراقی).

لای خۆیەوە سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، ئەو خۆپیشاندەرانەی توندتوتیژی بەکاردەهێنن بە گێرەشێوێن ناویان دەبات و دەڵێت ئەوان ئامانجیان دروستکردنی فەوازیە نەک گۆڕان.

دەشڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، سوودی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرم بوونی زەوی هەیە.

H.J