پیاوێک 90 ژنی کوشتووە
"سەرەتا ئەشکەنجەی داون، دەستدرێژی کردووەتە سەریان، دواتر خنکاندونی"
K24 – ههولێر:
لە ساڵی ٢٠١٤، کەسێک بەهۆی پشکنینی دی ئێن ئەی، تۆمەتی کوشتنی سێ ژنی بەسەردا ساغبووەوە، بەڵام لە نوێترین دادگاییدا، دانی بە کوشتنی 90 ژن و کچی دیکەدا ناوە.
دەزگای هەواڵگیری ئێف بی ئای ئەمەریکی لە بڵاوکراوەیەکیدا ئاشکرایکردووە، لە زۆربەی حاڵەتەکان, بکوژەکە, ساموێل لیتڵ، سەرەتا لە ئافرەتەکانی داوە و سزای داون، دەستدرێژی کردووەتە سەریان، دواتر خنکاندونی.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی سی بی ئێس، دەزگا ئەمنییەکان چەند سەرە داوێکییان دەستکەوتووە کە ئەو بکوژە زیاد لە سێ کەسی کوشتووە، دواتر لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن.
لە ویلایەتی تێکساس سێ دۆسییەی کوشتن کە بکوژەکەیان دیار نییە دەکەنەوە، ئەنجام بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو بکوژە 78 ساڵە تۆمەتبارەکەیە.
دواتر ئەو پیرە زیندانییە دان بەوەدا دەنێت، کە بە تێکڕا 90 ئافرەتی کوشتووە، بەڵام تاکو ئێستا ئێف بی ئای هەموویانی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
لە یەکێک لە حاڵەتەکان، ژنێکی لە شوێنێکی وەستانی پاس ناسیووە، دواتر بە ئۆتۆمبێلەکەی ساموێل رۆیشتوون، لە رێگا ساموێل دایدەگرێت و لە ناوچەیەکی دارستاناویی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەری، دواتر دەیەوێت لەهەمان شوێن بیخنکێنێ، بەڵام کچەکە هەڵهاتووە، بکوژەکەش دوای کەوتووە و دووبارە دەستگیری دەکات و دەیکوژێت.
ئەگەر بێت و ئەو تۆمەتانە بە تەواوی پشڕاستبکرێنەوە، ئەوا ساموێل دەبێتە یەکێک لە ترسناکترین و کوشندەترین تاوانبارەکانی ئەمەریکا لە مێژوودا.
ئێف بی ئای لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە و تاکو ئێستاش دۆسییەی کوشتنی 34 ژن و کچیان بە ملی ساموێلدا هێناوە.
H.J