"ئه‌بو حه‌مزه كوردی" تاوانه‌كانی داعش ئاشكرا ده‌كات
یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی كه 21 پێشمه‌رگه‌یان له‌ناو قه‌فه‌سی ئاسنیندا به‌ناو حه‌ویجه‌دا گێڕا
K24 - هه‌ولێر:
ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی عێراقی، دانپێدانانی سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری رێكخراوی داعشی بڵاوكرده‌وه، كه زنجیره‌یه‌ك كرده‌وه و په‌لاماری تیرۆریستییان ئه‌نجامداوه و یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی كه 21 پێشمه‌رگه‌یان له‌ناو قه‌فه‌زی ئاسنیندا به‌ناو قه‌زای حه‌ویجه‌دا گێرا.
ئه‌و گه‌وره تیرۆریسته‌ی داعش، ناوی جه‌مال مه‌شهه‌دانییه و له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه ده‌ستگیركراوه.
سه‌ره‌تا جه‌مال مه‌شهه‌دانی، ناسناوى "ئه‌بو سه‌فا"ـى له‌خۆناوه، به‌ڵام دواتر گۆڕیویه‌تی به "ئه‌بو حه‌مزه كوردی" و چووه‌ته ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك، هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌تیشدا كورد نییه.
مه‌شهه‌دانی پێشتر له ریزه‌كانی سوپای رژێمی به‌عس، ئه‌فسه‌ری سوپا بووه، دوای رووخانی رژێمیش په‌یوه‌ندی به گرووپه توندڕه‌وه‌كان كردووه و دوایینیشیان داعش بووه.
له‌و باره‌یه‌وه ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، مه‌شهه‌دانی له ویلایه‌ته‌كانی به‌غدا و كه‌ركووك له ریزه‌كانی داعش پۆستی گه‌وره و دیاری هه‌بووه و به‌رپرسی راسته‌وخۆی چه‌ندین په‌لاماری تیرۆریستی بووه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "دیارترین ئه‌و په‌لامارانه‌ی مه‌شهه‌دانی سه‌رپه‌رشتی كردوون، بۆردومانكردنی شاری تازه بوو به مووشه‌كی كیمیایی" له ئاداری 2016.
مه‌شهه‌دانی، به‌ریشێكی ماش و برنجی و به‌دله‌ی زه‌ردی تایبه‌ت به زیندانییان له ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی عێراق ده‌ركه‌وت و گوتی: "راسته‌وخۆ له ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌وه رێنمایی به ئه‌بوساڵح حه‌یفا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی جه‌نگی له ویلایه‌تی كه‌ركووك درا، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی تازه به مووشه‌كی كیمیایی بۆردومان بكرێت".
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیش له باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنیه‌وه ئاشكرای ده‌كه‌ن، مه‌شهه‌دانی له نێوان سووریا و توركیا هاتووچۆی ده‌كرد، دواجار بڕیاریداوه بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا و له‌وێ نیشته‌جێ بێت، دوای چاودێرییه‌كی "ورد" ده‌ستگیریان كردووه.
مه‌شهه‌دانی له باره‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌وه ده‌ڵێت: "پێشمه‌رگه پێشڕه‌وییان ده‌كرد، بۆیه بڕیاردرا به‌ره‌ی شه‌ڕ به‌رامبه‌ریان بكه‌ینه‌وه، له ئاسكی مووسڵیش به‌رده‌وامبوون له پێشڕه‌وی".
باس له‌وه‌ش ده‌كات، بۆیه بڕیاریاندا پێشمه‌رگه‌كان له‌ناو قه‌فه‌زی ئاسنیندا نمايش بكه‌ن و دواتر ده‌زگا پرۆپاگه‌نده‌ییه‌كانی داعش، گرته‌ی ڤیدیۆییشیان بڵاوكرده‌وه.
ئێستاش ئه‌و گه‌وره به‌رپرسه‌ی داعش، له زیندانه‌كانی عێراقدایه و پرۆسه‌ی دادگاییكردنییان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئ. م