سه‌رۆك بارزانى: هه‌موو هاوكارييه‌كى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ين بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان
په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێمه په‌يوه‌ندى دێرينن و چه‌ندين ئاسته‌نگمان به‌يه‌كه‌وه تێپه‌ڕاندووه
K24 – به‌غدا:
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له ميانى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدى كۆبوويه‌وه.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه، سه‌رۆك بارزانى رايگه‌ياند، ئه‌م سه‌ردانه‌م بۆ به‌غدا به مه‌به‌ستى گه‌ياندنى پيرۆزباييم بوو بۆ جه‌نابى عادل عه‌بدولمه‌هدى و په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێمه په‌يوه‌ندى دێرينن و چه‌ندين ئاسته‌نگمان به‌يه‌كه‌وه تێپه‌ڕاندووه و به‌ر له رووخانى رژێم و دواى رووخانى رژێم به‌يه‌كه‌وه كارمان كردووه و عادل عه‌بدولمه‌هدى رۆڵێكى كاراى هه‌بوو له بنياتنانى عێراقى نوێ، سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى ئاسته‌نگه‌كان.
گوتيشى: كاتێك كه ئه‌بو هاشم راسپێردرا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، كه به‌رپرسيارێتييه‌كى گه‌وره‌يه، ئه‌و كاته تێلم بۆ كرد و پشتيوانى ته‌واوى خۆمم بۆ ده‌ربڕى.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێستا دووباره پشتيوانى ته‌واوى خۆم بۆ به‌ڕێز دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌رده‌بڕم و له داهاتووشدا هاوكارى زياترى يه‌كتر ده‌كه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و په‌يوه‌ندييه به‌ره‌و پێش به‌رين، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين.