ھاووڵاتیان لە گەندەڵكاری توڕەن
دەستەی دەستپاكی: ساڵانە لێكۆڵینەوە لە دەیان كەیسی گەندەڵی دەكرێت
K24 - ھەولێر
هاووڵاتیان گلەییان لە بوونی گەندەڵی هەیە و داواکارن کابینەی نوێی حکوومەت هەوڵی جددی بدات لە پێناو چارەسەرکردنی. پارێزگاری سلێمانیش پێیوایە سەرکەوتنی کابینەی نوێ لە جەنگی چاکسازیدا بەندە بە پاڵپشتی لایەنەکان و خەڵکەوە بۆ ئەو کابینەیە، هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکیش دەڵێت "پێویستە دادگایەکی تایبەت هەبێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی".
رەنگە کەم وشە هەبێ هێندەی گەندەڵی بەکارهێندرابێ و باسی لێوەکرابێ، لە چایخانە و ناو بازاڕ و شاشەی تەلەڤزیۆن و رووپەڕی رۆژنامەکانی کوردستان، باس باسی گەندەڵییە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە گەندەڵی بووەتە دەرد چونکە وەك هەندێك دەڵین، گەندەڵییەکان لە ئاستی باڵاوە دەستپێدەکەن و لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجامدەدرێن.
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "گەندەڵی زۆرە و چارەسەریشی ئاسانە، بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی حزبەكان، گەندەڵی بنبڕ نەكراوە".
لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی پیکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتدایە، هاووڵاتیان خوازیارن، یەکەم ئەرکی حکوومەتی نوێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بێ.
یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی شاری ھەولێر دەڵێ: "مەسرور بارزانی، چۆن پێشتر وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە، بۆیە ئومێد دەكەین لە كابینەی داھاتوو وەك سەرۆك وەزیران گەندەڵی بنبڕ بكات".
پارێزگاری سلێمانیش پێیوایە سەرکەوتنی کابینەی نوێ بەسەر گەندەڵیدا پەیوەستە بە پاڵپشتی خەڵك و لایەنە سیاسییەکانەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی دەكەوێتە سەر پاڵپشتی پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە و خەڵك لە كابینەی داھاتووی حكوومەت، بۆیە گرەو لەسەر ھیچ كەسایەتییەك نییە، بەڵكو گرەو لەسەر ئەو بەرنامە و دەستوور و یاسا و پەیڕەوەیە كە ئەو حكوومەتە ئیشی پێدەكات".
لە هەرێمی کوردستان دەستەیەکی تایبەت هەیە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پرسی گەندەڵی پێشێلکارییەکان کە دەستەی دەستپاکی پێدەڵێن. پرسیاری جەوھەری لەو دەستەیە ئەوەیە، بۆچی تائێستا نەتانتوانیوە متمانەی پێویست لای خەڵکی خەڵکی دروست بکەن؟.
لەوبارەوە حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێ: "دەستەی دەستپاكی بە توانایەكی كەمی مرۆییەوە، ساڵانە لێكۆڵینەوە لە دەیان كەیسی گەندەڵی دەكات، گرنگە ھاوشێوەی بەغدا دادگایەك بۆ كەیسەكانی گەندەڵی تەرخان بكرێت، دەبێتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی كەیسەكان لەماوەی كەمدا یەكلایی بكرێنەوە".
ئەوەی هەموو لایەك لەسەری کۆکن ئەوەیە گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەوەی وادەکات کۆکبوونەکە بێ ئەنجام بێت لاوازی هەوڵەکانە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رووبەڕوو بوونەوەی ئەو دیاردانەی کە لە کۆتاییدا بە زیانی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستاندا شکاوەتەوە.