یەكێتی لە كەركووك پەنا دەباتە بەر شەقام

"نەخۆشییەكەی كەركووك و بەسرە جیاوازە"

K24 - ھەولێر

 بڕیارە ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی لە كەركووك خۆپیشاندان بكەن، پەرلەمانتارێكی عێراقیش لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێ"نەخۆشییەكەی كەركووك جیاوازە لە بەسرە".

لەبارەی ئەگەری كاردانەوەی ھێزەكانی عێراق دژی خۆپیشاندەران، رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "دۆخی كەركووك و نەخۆشی و ئیرادەی گەل لەو شارە جیاوازە لە بەسرە، چونكە خەڵكی بەسرە داوای خزمەتگوزاری دەكەن، بەڵام ئەوەی كەركووك بابەتێكی سیاسیی و نەتەوەیی و  كێشەی ئیدارییە، بۆیە باوەڕناكەم ھیچ ھێزێك بتوانێ كاریگەری ھەبێت بۆسەر ئیرادەی خەڵكی كەركووك".

گوتیشی: "كار بۆ ئەوە دەكەین خۆپیشاندانەكە بە شێوەیەكی ئارامی ئەنجامبدەین، ھەروەھا دەخوازین ھەموو لایەنە كوردییەكان پێكەوە بین".

رێبوار تەھا، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا باشە و پێویستە پەیوەندییەكان بۆ دۆخی كەركووك بەكاربھێندرێت و پێش ھەموو شتێك دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و پۆستەكانی كورد وەربگیرێنەوە".

سەبارەت بە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار و رۆیشتنی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك گوتی: "دڵنیام ھەر رۆژێك لایەنە كوردییەكان لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگار رێك بكەون، رۆژی دواتر راكان جبووری دەچێتە پەرلەمان و سوێند دەخوات و وەك پەرلەمانتار دەستبەكار دەبێت، كێشەكە ئەوەیە كورد ئەو دەرفەتەی بە راكان جبووری داواوە وەك پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەردەوام بێت لە پۆستەكەی".