له دژی په‌كه‌كه ئه‌نقه‌ره داوایه‌ك له به‌غدا ده‌كات
توركیا: پێویسته لایه‌نی عێراقی تێگه‌یشتنیان هه‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
توركیا داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌كات، له دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، هاوكاریی ئه‌نقه‌ره بكات، ئه‌وه‌ش دوای راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دێت، كه له دژی بۆردومانكردنی چیاكانی شنگال و قه‌ره‌چووغ له‌لایه‌ن توركیاوه، ده‌ریكردبوو و هێرشه‌كانی به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق وه‌سفكردبوو.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی وێبسایتی "ئه‌لعه‌ره‌بی جه‌دید"، به‌ر له چه‌ند رۆژێك، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیای له رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات له سووریا راگه‌یاند، هێرشه‌كانی سه‌ر په‌كه‌كه‌ش له عێراق هاوكاته له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، هامی ئاكسۆی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ده‌ڵێت: "توركیا به‌رپرسیارێتی خۆی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌و شێوه‌یه‌ش هاوكاری پێشكه‌ش به عێراق ده‌كات، پێشبینی ده‌كه‌ین لایه‌نی عێراقی هه‌مان تێگه‌یشتنیان هه‌بێت و هاوكاریمان بكه‌ن".
ئاكسۆی ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه عێراقییه‌كان هه‌نگاوی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر نه‌گرنه به‌ر، ناچار ده‌بین بۆ پارێزگاری له خۆمان هه‌نگاوی پێویست بنێین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان له عێراقه‌وه ده‌كاته سه‌ر وڵاته‌كه‌مان".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، كرده‌وه‌كانی په‌كه‌كه له دژی توركیا له ناو عێراقه‌وه، بووه‌ته پرسێكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌نقه‌ره، هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامبوونی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه له‌ناو خاكی عێراق.
شه‌وی 13 له‌سه‌ر 14ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018 فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌یان له چیاكانی شنگال و قه‌ره‌چووغ بۆردومان كرد. به گوێره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاش، له‌و هێرشه ئاسمانییه‌دا، 30 بنكه‌یان كردووه‌ته ئامانج.
لای خۆیه‌وه، په‌كه‌كه ناسنامه‌ی قوربانیانی هێرشه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، به‌هۆی بۆردومانه‌كه، جگه له كوژرانی چوار گه‌ریلا و بریندار بوونی یه‌كێكی دیكه، چوار كه‌سی سڤیلیش كه سه‌ر به یه‌ك خێزان بوون گیانیان له‌ده‌ستداوه.
میدیاكانی په‌كه‌كه ئه‌وه‌شیان بڵاوكرده‌وه، چوار قوربانییه سڤیله‌كه، ئافره‌ت بوون و یه‌كێك له ئافره‌ته‌كان ته‌مه‌نی 73 ساڵان بووه و ته‌مه‌نی سێ قوربانییه‌كه‌ی دیكه‌ش 14، 23 و 26 ساڵان بوون.
ئ. م