ژنان چاویان لە پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانە
"دەبێ رۆڵی ژنان لە نێو حكوومەت زیاتر بێت"
K24 - سلێمانی
بەگوێره‌ی هه‌مواركراوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان یەکێك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ده‌بێت ئافرەت بێت، ئافرەتانیش پێشوازی لەو ھەنگاوە دەکەن و دەخوازن رۆڵی زیاتر و پۆستی كاریگه‌رتریان پێبدرێت، بۆ ئەوەی پێگه و رۆڵی خۆیان له دامه‌زراوه‌كانی یاساندانان و جێبه‌جێكردن بسه‌لمێنن.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، خوولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆی ھەموارکردەوە و لە بەشی 3ـی ماددەی10، دانانی ئافرەتێکی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی چەسپاند، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی هه‌مواركراو بێت، له سه‌رۆكی په‌رله‌مان یان یه‌كێك له دوو جێگره‌كانی ده‌بێت پشكی ئافره‌تان بێت، ئافرەتانیش بە تایبەت ئەوانەی لە کایە سیاسییەکان رۆڵیان هه‌یه، پێشوازی لەو ھەنگاوەی پەرلەمان دەکەن.
لەوبارەوە کوێستان محه‌مەد، کادرى پارتى دیموکراتى کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ھەست دەكەین لە كابینەی داھاتووی حكوومەت ئاسۆیەكی روون چاوەڕێی ئافرەتان دەكات ئەمەش دەسكەوتێكی باشە، داواش دەكەین رۆڵی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت".
ماوەیەکە ئافرەتانی لایەنە سیاسییەکان بە یەکگرتوویی و یەك گوتاری لە رێگەی کۆڕ و کۆنفرانس و یاداشتەوە، کەوتوونەتەخۆ بۆ ئەوەی زۆرترین ئافرەت لە دامەزراوەكانی یاسادانان و جێبه‌جێكردنی بەشداریان پێ بکرێت و پۆستی باڵایان پێبدرێت، تا بتوانن توانا‌و رۆڵی خۆیان بسه‌لمێنن.
مونیرە عه‌لى عه‌بدولعەزیز، ئەندامى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامى دەڵێ: "وەكو ژنانی سەركردە لە لایەنە سیاسییەكان پێداگیریمان كردووە، كە دەبێ ژنان رۆڵی زیاتریان ھەبێت لە نێو شاندەكانی دانووستان بۆ پێكھێنانی حكوومەت ژنان بوونیان ھەبێت، ھەروەھا لە كابینەی داھاتووی حكوومەت رێژەی بەشداری ژنان زیاتربێت".
هه‌رچه‌نده له په‌رله‌مانی كوردستان پشكی ئافره‌تان له په‌رله‌مان به رێژه‌ی 30% چه‌سپێنراوه، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه هه‌موو جومگه ئیدارییه‌كانی نه‌گرتووه، به هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و جێگیركردنی یه‌كێك له پۆسته‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌م خووله‌دا، وایكردووه ئافره‌تانی ناو حزبه سیاسییه‌كان و چالاكوانانیش زیاتر هه‌وڵی خۆ پێگه‌یاندن و خواستیان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پله‌و پۆست زیاتر بێت بۆ سه‌لماندنی توانای ئافره‌تانی كوردستان.