ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكھاتەی كابینەی حكوومەت تەواو دەكات

دەنگدان لەسەر دانانی وەزیرەكان نەخراوەتە كارنامەی كۆبوونەوەكە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكھاتەی كابینەی حكوومەت تەواو دەكات و دەنگی لەسەر دەدات.

بەپێی ئەو كارنامەیەی لە ماڵپەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، ئەمرۆ پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و چەند بابەتێكی دیكە كۆدەبێتەوە.

 ھەرچەندە دەنگدان لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی حكوومەت لەنێو كارنامەكە نییە، بەڵام ھەندرێن دۆسكی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی، بە كوردستان24ـی راگەیاند "لە كۆبوونەوەی دوێنێی حەلبووسی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە بابەتی دەنگدان لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی حكوومەت دەخاتە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ و دەیەوێ بەر لەوەی پشووی سەری ساڵ بێت، تەواوی وەزارەتەكانی حكوومەت دەنگیان لەسەر بدرێت".

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر لە چەند كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ھەوڵ بۆ دەنگدان لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی حكوومەت و دانانی وەزیرەكان دراوە، بەڵام بەھۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان بێ ئەنجام بووە.