گۆڤاری ناشناڵ ئینتریست: لەم 4 شوێنە جەنگی جیهانی سێهەم بەرپا دەبێت

ئەو چوار شوێنەی ئەگەری زۆرە لە ساڵی 2019 جەنگی گەورەیان تێدا رووبدات

K24 – هه‌ولێر:

ئەگەرچی چەند جارێک ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە جەنگ نزیکبوونەتەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 1945 هیچ جەنگێکی جیهانی رووینەداوە، بەڵام ئێستا بەهۆی زیادبوونی هێزی چین و گوێنەدانی رووسیا بە چەند فەرمانێکی نێودەوڵەتی، ئەگەری دروست بوونی جەنگی جیهانی زیادیکردووە.

گۆڤاری ناشناڵ ئینتریست چەند شوێنێکی دیاریکردووە کە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2019 جەنگی گەورەیان تێدا بەرپابێت.

باشووری دەریای چین

ئەو شوێنە بووەتە جێگای رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و چین. لە ئێستادا هەڕەشەکان تەنها زارەکین و هەندێک جار بۆ زیادکردنی باج پەلدەکێشن.

لە چەند رۆژی رابردوو، ئەمەریکا و کەنەدا گرژییەکانیان زیادکرد کاتێک بڕیاریاندا سەرۆکی کۆمپانیای هواوی چینی دەستگیر بکەن، لەوەڵامدا چین نیازی هەیە هەمان کار دژی کۆمپانیا کەنەدی و ئەمەریکییەکان بکات.

رێککەوتنی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و چین، چەند ساڵێک لەمەوبەر، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ زیادبوونی گەشەی ئابووری جیهانی، بەڵام ئێستا ئەو دوو وڵاتە جارێکی دیکە هەڕەشەی کشانەوە لە رێککەوتنەکان دەکەن کە خەریکە مامەڵەکردن بە دۆلار و سزای یاسایی دەگرێتەوە. ئەمەش داهاتووی پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بۆ دۆخێکی مەترسیدار دەبات.

ئۆکرانیا

ئەوەندە نابێت کە رووسەکان چەند بەلەمێکی سەربازیی ئۆکرانییان دەستگیرکردووە کە تیایدا تەقەکراو و برینداری لێکەوتەوە.

بڕیارە لە ساڵی 2019، هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، ئەگەر بێت و حکومەتی داهاتووی ئۆکرانیا بە لایەکی نەخوازراودا سیاسەت بکات، ئەوا گرژی زیاتر دەکەوێتە نێوان ئەمەریکا و رووسیا.

لە ئێستا حکومەتی ئۆکرانیا یاسای سنووردارکردنی رووسیای پەسەند کردووە کە بەهۆیەوە سەردان و چالاکییەکانی هاووڵاتیانی رووسیای سنووردار کردووە، پەیوەندییەکانیش روو لە ئاڵۆزبوونی زیاترن.

کەنداوی فارس

ئاڵۆزی و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاستێکی مەترسیدار پەلیان کێشاوە. فشار و سزاکانی سەر ئێران زیادیکردووە و ئەمەریکا دەڵێت کە سوورە لەسەر سنووردارکردنی ئێران. دەرئەنجامی جەنگی ناوخۆی سووریا و یەمەن روون نییە، هەر یەک لە ئەمەریکا و رووسیاش پشتگیری هێزی جیاواز دەکەن لە ناوچەکە.

گەر ئەو ئاڵیۆزیانە لە شوێنێکدا نەوەستێندرێن، ئەوا ئەگەری زۆرە ئاڵۆزی نێوان کورد، فارس، تورک، عەرەبەکانی سووریا و عێراق زیاد بکات و لە شوێنێکدا تەشەنە بکات.

نیمچە دوورگەی کۆریا

ئەگەرچی رێککەوتن و لێک نزیکبوونەوە لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور هەبووە، بەڵام تاکو ئێستا کۆریای باکوور بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی و مووشەکی دوورهاوێژی رانەگرتووە.

لە ئەگەری شکستی رێککەوتنی ترەمپ و کیم، ئەگەری زۆرە ئەو "ئاشتییە" راستەوخۆ بۆ جەنگ بگۆڕێت.

 H.J