به ڤیدیۆ.. تۆتێنهام گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌ی له 2018 تۆمار كرد
تۆتێنهام له‌م يارييه‌دا چه‌ندان ريكۆردى شۆكى تۆمار كرد

یانه‌ی تۆتێنهام له دوایین رۆژه‌كانی ساڵی 2018 سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له پرێمه‌رلیگ تۆمار كرد، له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی گۆڵبارانی ئێڤه‌رتۆنی كرد و یارییه‌كه‌ی به 6 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ برده‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه، 23 دێسێمبه‌ری 2018، له گه‌ڕی هه‌ژده‌یه‌می پرێمه‌رلیگ، له شاری لیڤه‌رپوول و له یاریگه‌ی (گۆدیسۆن پارك) ئێڤه‌رتۆن میوانداریی تۆتێنهامی له‌نده‌نی كرد.
له خوله‌كی 21ـی یارییه‌كه سیۆ واڵكۆت گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ ئێڤه‌رتۆن كرد، به‌ڵام ئه‌م گۆڵه سه‌ری ئێڤه‌رتۆنی خوارد و زنجیره‌یه‌ك گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی به‌دوادا هات.
له خوبه‌كی 27 هیۆنگ مین سۆن ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ تۆتێنهام یه‌كسان كرده‌وه، دواتر له خوله‌كی 35 دێلی ئالی ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه له‌نده‌نییه‌كه دوو هێنده لێ‌كرد.
پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدات، هاری كه‌ین له خوله‌كی 42 گۆڵی سێیه‌می بۆ تۆتێنهام زیاد كرد.
دوای تێپه‌ڕبوونی 3 خوله‌ك به‌سه‌ر گێمی دووه‌م، كریستیان ئێریكسن گۆڵی چواره‌می بۆ تۆتێنهام كرد، پاشان له خوله‌كی 61 هیۆنگ مین سۆن گۆڵی دووه‌می خۆی و پێنجه‌می یانه‌كه‌ی له یارییه‌كه تۆمار كرد.
له خوله‌كی 74 هاری كه‌ین گه‌ڕایه‌وه گۆڵی شه‌شه‌می تۆتێنهامی كرد و یانه‌كه‌ی كرده خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن له‌م وه‌رزه، به‌مه‌ش بۆ جارێ یه‌كه‌مه تۆتێنهام له 18 یاری تووشی هیچ یه‌كسانبوونێك نابێت، 14 سه‌ركه‌وتن و 4 شكستی له‌م وه‌رزه تۆمار كردووه.
ماوریسیۆ پۆچیتینۆ له دوای خۆزێ مۆرینهۆ و ئارسن ڤینگه‌ر بووه سێیه‌مین راهێنه‌ر له یاریگه‌ی گۆدیسۆن پارك 6 گۆڵ تۆمار ده‌كات.
تۆتێنهام بووه یه‌كه‌مین یانه له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م یانه‌كانی ئه‌ورووپا سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بردۆته‌وه.
تۆتێنهام ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده 42 خاڵ و له پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا ئێڤه‌رتۆن به 24 خاڵ بۆ پله‌ی یازده‌یه‌می ریزبه‌ندی دابه‌زی.