شیعەكان داوا دەكەن ئەمەریكا لە عێراق بكشێتەوە
پڕۆژەیاسایەك بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەدرێتە پەرلەمان
K24 - بەغدا
لایەنە شیعەکان ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە پڕۆژە یاسایەك بۆ دوورخستنەوەی ھێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەربکەن.
ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژی ھاوپەیمانێتی فەتح و ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت "دوای بڕیاری کشانەوەی ھێزە ئەمەریکییەکان لە سووریا، دەبێت واشنتن بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانیان لە عێراقیش بدات، چونکە ھێزی دەرەکی لە عێراق نامۆیە و نابێت بمێنێت".
ئەسەدی، بە كوردستان24 گوت: "لەلایەن لیژنەی یاسایی و بەرگری دەقێكی یاسایی خراوەتەڕوو بۆ چارەنووسی ھێزە بیانییەكان لە عێراق، بێگومان زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ مانەوەی ھێزە بیانییەكان نین. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق. لەسەر حكوومەتی عێراقیش پێویستە میكانیزمی باش بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی كاردانەوەی خراپ لەسەر سنوورەكانی عێراق روونەدات".
پەرلەمانتارێکی کوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشانەوەی ھێزە ئەمەریکییەکان لە سووریا بە مەترسییەکی گەورەی دەبینێت لە سەر عێراق، پێی وایە داعش ھێشتا تارمایی بەسەر شاری مووسڵ و دەوروبەریەوە ماوە، تەنانەت تاکو ئێستا بەشێکی گەنجانی ئەو شارە مووچە لە داعش وەردەگرن، لە ئەگەری سەرھەڵدانەوەشیان ئەوە جارێکی دیكە ئاوارە لە سووریا و مووسڵەوە روو دەکەنە ھەرێمی کوردستان.
ناسڕ ھەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش دەڵێت: "تائێستا ژمارەیەك لە گەنجانی مووسڵ مووچە لە داعش وەردەگرن، واتا جووڵەی داعش لەناو مووسڵ بەردەوامە، بۆیە لە ئەگەری رۆیشتنی ھێزەكانی ئەمەریكا عێراق تووشی دۆخێكی نا ئارام دەبێتەوە، لە ھەمانكاتدا ئەگەر بارودۆخی سووریا زیاتر تێك بچێت و خەڵكی ئاوارە دەبێت و جارێكی دیكە كێشەی ئابووری بۆ ھەرێمی كوردستان و عێراق دروست دەبێت".
لە ساڵی 2003 ھێزە ئەمەریکییەکان حکوومەتی بەعسیان روخاندوو و لە ساڵی 2010 بەشێکی زۆری ھێزەکانیان لە عێراق کشانەوە، بەشێکی کەمی ھێزەکانیانیش لە ناوچەی خەزرای بەغدا و سنووری عێراق- سووریا و ھەرێمی کوردستان و مووسڵ و ئەنبار تاکو ئێستا ماون، كە لە شەڕی دژی داعش رۆڵی باڵایان ھەبوو لە تێکشاندنی ئەو رێكخراوە.