رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور ئاماری کوشتنی رۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە

بۆ یەکەمینجار عێراق ریزبەندییەکی باشی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

بۆ یەکەمینجار لە دوای ساڵی 2003ەوە، ساڵێک تێپەڕدەبێت و هیچ رۆژنامەنووسێک لە عێراق ناکوژرێت.

رێکخروای رۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە راپۆرتی ساڵانەی نووسیوتی: "دوای سێ ساڵ لە جەنگی خوێناویی و سەرکەوتنی حکوومەت بەسەر داعشدا، ئەو شوێنانە کۆنتڕۆڵکران کە ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەنووسی تێدا کوژران".

دەشڵێت: "هیچ کەیسێکی کوشتنی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2018 لە عێراق تۆمار نەکراو".

هەر لە راپۆرتەکە هاتووە، لە ئەفغانستان 15 رۆژنامەنووس، لە سووریا 11 رۆژنامەنووس و لە یەمەن هەشت رۆژنامەنووس بەهۆی جەنگەوە کوژراون.

هەروەها لەو وڵاتانەی جەنگیان تێدا نییە و رۆژنامەنووسێکی زۆریان تێدا کوژراوە، مەکسیک بە 9 رۆژنامەنووس و ئەمەریکا بە 6 رۆژنامەنووس پلەی یەکەمیان گرتووە.

بە تێکڕا لە ساڵی 2018، 80 رۆژنامەنووس لە جیهان لە کاتی کارکردنیان کوژراون و بوونەتە قوربانی جەنگ و توندووتیژییەکان.

H.J