به‌وێنه‌ و ڤیدیۆ.. سێ هێز له‌ ده‌وروبه‌ری مونبج ده‌ستیان به‌ جووڵه‌كردووه‌

توركیا له‌شكركێشی ده‌كات.. سوپای سووریا گه‌یشته‌ نزیك شاره‌كه‌.. ئۆپۆزسیۆنیش ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕ ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری سووریا، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت، دووپاتیكرده‌وه‌، "هێزی زیاتریان له‌ پێگه‌كانیان له‌ ده‌وروبه‌ری مونبج كۆ كردووه‌ته‌وه‌"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سوپاكانی هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و سووریا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ جووڵه‌ كردووه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ یوسف مه‌حموود، وته‌بێژی گروپی چه‌كداری توندڕه‌وی ناسراو به‌ "سوپای نیشتیمانی"، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، رایگه‌یاند، "شه‌وی رابردوو هێزێكی زیاتری چه‌كداریمان ره‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری مونبج كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ جه‌نگ بكه‌ن".

هاوكات میدیاكانی توركیا بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ له‌ سنووری مونبج و گه‌یشتنی هێزێكی زۆری سه‌ربازی توركیا بۆ سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان به‌ "گه‌وره‌ترین له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا" وه‌سف ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌چاوه‌ میدیاییه‌ ناوخۆییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، "به‌مدواییانه‌ 10 كاروانی سه‌ربازی توركیا، كه‌ پێكهاتوون له‌ 300 سه‌رباز و زیاتر له‌ 50 هه‌ڵگری تۆپ و ئۆتۆمۆبیلی گواستنه‌وه، له‌رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری حوار كلێس له‌گه‌ڵ شارۆچكه‌ی راعی رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب،‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ناو خاكی سووریا و، له‌و خاڵه‌ سه‌ربازییانه‌ی هێزه‌كانی توركیا جێگیربوونه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ باكووری رۆژئاوای مونبج".

ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌، "ئه‌و هێزانه‌ له‌ كۆكراوه‌ی گرنگترین لیواكانی تۆپخانه‌ و كه‌تیبه‌كانی سوپای توركیا پێكهاتوون".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هێشتا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ مونبج ماون و له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌و شاره‌ به‌رده‌وامن.

به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیاییش، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هێزێكی زۆری سه‌ربازی كه‌ له‌ ئۆتۆمۆبیل و سه‌رباز و پێداویستی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێكهاتوون، ره‌وانه‌ی گوندی تایه‌ی باشووری مونبج كردووه‌، ئه‌مه‌ش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی جێگیربوونی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز، كامیۆن، زریپۆش و تانكی سه‌ربازی سوپای رژێمی سووریا له‌ نزیك ئه‌و شاره‌، بۆئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا بچنه‌ ناو شاره‌كه‌.

لایه‌نگرانی سوپای سووریاش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌م نزیكانه‌ "شێره‌كانی هه‌واڵگه‌ری ئاسمانی" ده‌چنه‌ ناو شاری مونبج.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌دام حه‌مه‌د، وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات له‌ مونبج ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌، كه‌ هێزێكی زۆری سوپای سووریا له‌ نزیك مونبج جێگیربووه‌ و گوتیشی: "ئێمه‌ نازانین ئاخۆ ئه‌و هێزانه‌ نیازیان وایه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌ یان نا، چونكه‌ گۆڕانكارییه‌كانی سووریا خێران و له‌ كاتژمێرێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ پێشهاتی نوێ روو ده‌ده‌ن".

پێشبینی ده‌كرێت له‌ قۆناغی داهاتوودا پێشبڕكێیه‌كی سه‌خت له‌نێوان گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای توركیا له‌ لایه‌ك و سوپای سووریا له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی مونبج ده‌ستپێ بكات، و هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكاته‌وه‌‌، كه‌ به‌ بڕیاره‌ له‌ناكاوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا ده‌خوڵقێت.

H.B