ئەردۆغان بانگهێشتی ترەمپ بۆ تورکیا دەکات
تورکیا لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە
K24 – ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە فەرمی بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای کردووە تاکو سەردانی تورکیا بکات.
ئەم بانگهێشتنامەیەی تورکیا لە کاتێکدایە، پەیوەندی ئەمەریکا و تورکیا بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئەنقەرە دڵخۆشە بەوەی واشنتن مەیدانەکەی لە سووریا چۆڵکردووە.
بەگوێرەی داوەتنامەکە، ئەگەر پەسەند بکرێت، دۆناڵد ترەمپ بەم نزیکانە و لە ساڵی 2019 سەردانی تورکیا دەکات و بەهۆیەوە هەردوو وڵات زیاتر لێک نزیک دەبنەوە.
پێشتر تورکیا لە ئەمەریکا تووڕە بوو، چونکە بە یارمەتی دان و پاڵپشتیکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە تورکیا بە "تیرۆرست" ناویان دەبات تۆمەتباری دەکردن؛ چەند جارێکیش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردییەی کردبوو لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
ئەگەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بە تەواوی جێبەجێبکرێت، ئەوا تورکیا لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە سووریا نزیکتر دەبێتەوە و هێزەکانی نزیک لە خۆی زیاتر باڵادەست دەکات لە سووریا و رەنگەش کۆتایی بە حکومڕانی یەپەگە بهێنێت.
سەرچاوە: رۆیتەرزە
H.J