ئەردۆغان بانگهێشتی ترەمپ بۆ تورکیا دەکات

تورکیا لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە فەرمی بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای کردووە تاکو سەردانی تورکیا بکات.

ئەم بانگهێشتنامەیەی تورکیا لە کاتێکدایە، پەیوەندی ئەمەریکا و تورکیا بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئەنقەرە دڵخۆشە بەوەی واشنتن مەیدانەکەی لە سووریا چۆڵکردووە.

بەگوێرەی داوەتنامەکە، ئەگەر پەسەند بکرێت، دۆناڵد ترەمپ بەم نزیکانە و لە ساڵی 2019 سەردانی تورکیا دەکات و بەهۆیەوە هەردوو وڵات زیاتر لێک نزیک دەبنەوە.

پێشتر تورکیا لە ئەمەریکا تووڕە بوو، چونکە بە یارمەتی دان و پاڵپشتیکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە تورکیا بە "تیرۆرست" ناویان دەبات تۆمەتباری دەکردن؛ چەند جارێکیش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردییەی کردبوو لە سووریا  و رۆژئاوای کوردستان.

ئەگەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بە تەواوی جێبەجێبکرێت، ئەوا تورکیا لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە سووریا نزیکتر دەبێتەوە و هێزەکانی نزیک لە خۆی زیاتر باڵادەست دەکات لە سووریا و رەنگەش کۆتایی بە حکومڕانی یەپەگە بهێنێت.

سەرچاوە: رۆیتەرزە

H.J