تەقینەوەیەک تەلەعفەری خوێناویی کرد
لە بازاڕێکی شارۆچکەکە تەقینەوەکە روویداوە
K24 – ههولێر:
بەهۆی تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی تەلەعفەر کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ، لانی کەم 15 کەس بوونە قوربانی.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بەغداد نیوز، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکی ناوچەی رەئس ئەلجادە لە شاری تەلەعفەر تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 دیکەش برینداربوون.
تاکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارەتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام گومان دەکرێت ئەو هێرشە خوێناوییە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە ئەنجام درابێت.
بە گوێرەی داتاکانی یونامی، لە ماوەی مانگێکدا، 41 کەس بەهۆی تەقینەوە جیاوازەکان لە عێراق گیانیان لەدەستداوە و 73 دیکەش برینداربوون، شاری بەغداش، پشکی شێری لە ژمارەی قوربانیان بەردەکەوێت.
H.J