پێشمه‌رگه و سوپای عێراق رێككه‌وتن
بڕیاری پێكهێنانی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولا درا
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له به‌غدا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر رێگریكردن له دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش و پێكهێنانی چه‌ند ناوه‌ندێكی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌نێوانیان رێككه‌وتن.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و به سه‌رپه‌رشتی عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به‌رگری عێراق ئه‌نجامدرا.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "كۆبوونه‌وه‌كه له‌نێوان لێژنه سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌ڕێوه‌چوو".
وه‌ك راشیگه‌یاند، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه خرایه به‌ر باس، كه پێشتر له‌نێوان سوپاسالاری عێراق و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرابوو".
ئاشكراشيكرد, "كۆبوونه‌وه‌كه به ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك راسپارده و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی چه‌ند ناوه‌ندێكی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كۆتاییهات، به‌شێوه‌یه‌ك كه رێگه به دزه‌كردنی تیرۆریستان نه‌درێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به كه‌رته‌كانی سه‌ربازی عێراق بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ن".
H.B