ھەناردەكانی ئێران بۆ عێراق زیاد دەكات

لە ماوەی 9 مانگدا گەیشتووەتە 7 ملیار دۆلار

K24 - ھەولێر

ئاستی ھەناردەكانی ئێران بۆ عێراق لەماوەی تەنھا 9 مانگدا، گەیشتووەتە 7 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی راپۆرتێكی دەستەی گومرگەكانی ئێران، ئەو وڵاتە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تاوەكو كۆتاییەكانی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018، بە بەھای 7 ملیار دۆلار، كەلوپەلی ھەناردەی عێراق كردووە.

ھەر بەپێی راپۆرتەكە ، سەبارەت بە عێراق ، ئێران تەنھا لە 9 مانگدا  86 ملیۆن و 940 ھەزار تۆنی كەلوپەلی نا نەوتی بە بەھای 33 ملیار و 358 ملیۆن دۆلار ھەناردەی عێراق كردووە.

بەمەش بەرێژەی زیاتر لە 5% گەشەسەندنی تۆماركردووە بە بەراورد بەھەمان ماوەی ساڵی پێشووتری، بەوەش عێراق لە پێشەوەی ھەموو وڵاتانی دیكەدا دێت كە لە لیستی ھاوردەكارانی كەلوپەلی نانەوتی لە ئێران و دواتریش ھەر یەك لەچین،  ئیمارات، ئەفغانستان و توركیا دێن.