چەند زیانێکی نوێی کێشانی نێرگەلە دۆزرایەوە

200 جار هەڵمژینی نێرگەلە هاوتایە لەگەڵ 90 هەزار میلی لیتر دووکەڵ

K24 – هه‌ولێر:

نوێترین توێژینەوەی پزیشکیی لەسەر کێشانی نێرگەلە ئاشکرای دەکات، نێرگەلە قەڵەویی و نەخۆشی شەکرەت تووش دەکات، جیا لەوەش زیانی لە جگەرە زیاترە.

زانکۆکانی بریتۆن و سوسێکس لە بەریتانیا، لە نوێترین توێژینەوەیان لەسەر کێشانی نێرگەلە دەریانخستووە، نێرگەلە لە جگەرە زیانی بۆ فشاری خوێن، شەکرە، قەڵەویی و زیاد بوونی کۆلیستڕۆڵ زیاترە.

رۆژنامەی دەیلی مەیل لە ژێر رۆشنایی ئەو توێژینەوەیە نووسیویەتی: "پێچەوانەی بیروڕا باوەکان، نێرگەلە ئەو ژەهرانەی لە جگەرە هەن کەم ناکات، بەڵکو نێرگەلە زیانی لە جگەرە زیاترە".

پڕۆفیسۆر گۆردۆن فێرنس، بە رۆژنامەی تێلیگرافی گوتووە: "کێشانی یەک نێرگەلە هاوتایە لەگەڵ کێشانی یەک پاکەت جگەرە، ئەو کەسەشی نێرگەلە دەکێشێت زیاتر ژەهر هەڵدەمژێت".

200 جار هەڵمژینی نێرگەلە هاوتایە لەگەڵ 90 هەزار میلی لیتر دووکەڵ، لە کاتێکدا کێشانی یەک جگەرە واتە هەڵمژینی 500 بۆ 600 میلی لیتر دووکەڵ، ئەمەش وا لە شارەزایان دەکات بڕوا بەوە بکەن کە کێشانی نێرگەلە زیانی زیاتری لە جگەرە هەبێت.

H.J