له سعوودیه ژنان به كورته نامه له ته‌ڵاقدانییان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه
پێشتر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربن ته‌ڵاق ده‌دران
K24 - هه‌ولێر:
یاسای نوێی حکوومەتی سعوودیه، دادگاکانی ناچار کرد بە کورته‌نامە ژنان لە ئەنجامی تەڵاقدانیان ئاگادار بکرێنەوە، ئەم یاسایە وادانراوە کە گفتوگۆ لەسەر تەڵاقدانی نهێنی لەم وڵاتە کۆتایی پێ بهێنیت، چونکە زۆربەی ژنان پاش ئه‌وه‌ی دادگا بڕیاری تەڵاقدانیان لە سەر داواکاری پیاوەکانیان ده‌رده‌كرد، ئاگادار نەدەبوون.
بڕیار وایە کە لە ئەمڕۆوه دادگاکان بە کورتەنامەیه‌کی مۆبایل داواکاری و تەڵاقدانی ژنان ئاگادار بکەنەوە.
ئەم یاسایە بە مەبەستی مافی ژنان و دەرفەتێك بۆ وەرگرتی مافەکانیان وەکوو نەفەقە و مارەیی دەرکراوە، هەروەها پارێزەری ژنان لە سعوودیه دەڵێن لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم یاسایە، چیتر پیاوان ناتوانن بە بێ ئاگاداری ژنەکانیان تەڵاق بدەن.
سعوودیه لە ساڵی رابردوودا بە ده‌ركردنی چەند یاسایەك بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی ژنان، رووی خۆشی خۆی پیشاندا، بەڵام هێشتا لەم وڵاتە پیاو سالاری بەردەوامە.
نەسرین ئه‌لغامدی، ژنه پارێزەرێكی سعوودیه و بۆ رۆژنامەی بلوومبێرگ گوتی: "ئەم یاسایە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن مافەکانیان بپارێزن، وەکوو مافی مارەیی و نەفەقەیان لە پیاوان وەربگرن".
سامیا ئه‌لهیندی، بۆ رۆژنامەیه‌کی سعوودی ده‌ڵێت: "پێشتر زۆربەی ژنان كە تەڵاق دەدران، ئاگادار نەبوون و سکاڵای زۆریان بۆ دادگاکان رەوانە کردبوو".
ئەم یاسا نوێیە بەشێکه لە گۆڕانکارییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەكان له‌و وڵاته، كه له‌وه‌ته‌ی محەمەد بن سەلمان بووه‌ته شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، ده‌رچوونه، پێشتریش بواری كاركردن له چه‌ند كه‌رتێكی جیاواز كه پێشتر قه‌ده‌غه‌بوو، ئاسایی كرا و مۆڵه‌تی شۆفێری ئۆتۆمبێل بۆ ژنان ده‌ركرا، كه پێشتر نه‌ده‌بوو ئۆتۆمۆبێل لێ‌بخوڕن.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، ژنانی سعوودیه لە چ مافێک بێ بەشن؟ هێشتاکە هەواڵی زۆر بڵاو دەبێتەوە که ژنانی سعوودیه لە زۆربەی چالاکییەکان بێبەشن و ناتوانن بەبێ ئیزنی پیاو یان باوك یان برا و تەنانەت کوڕەکانیان، زۆربەی لە کارەکانیان بەڕێوەببه‌ن وەکو: داواکاری لە سەر ئیجازەی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، گه‌شتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بە تەنها گه‌ڕان گه‌شتكردن لەناوخۆی وڵات، کردنەوەی هه‌ژماری بانکی، بەڕێوەبردنی هەندێک ئیشوکار، داواکاری بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری.
پیاوسالاری لە سعوودیه له ئاستێكدایه، ئه‌و وڵاته له خوارترین پله‌ی پێدانی مافه‌كانی ژنانه له چاو وڵاتانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
سەرچاوە: BBC