ئایا هێلکە کۆلیستڕۆڵی زۆرە و بۆ تەندروستی دڵ خراپە؟

هەموو شتێک لەبارەی هێلکە بزانە

K24 – هه‌ولێر:

هێلکە یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکان و لێکدانەوەی زۆر بۆ سوود و زیانەکانی دەکرێت.

بەشی تەندروستی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی هەموو وردەکارییەکانی خواردنی هێلکە ئاشکرا دەکات.

ئایا هێلکە خواردنێکی تەندروستە؟

بریگیت زيیتلین، پسپۆری بواری خواردن دەڵێت: "هێلکە زۆر بە سوودە چونکە 13 جۆر ڤیتامین و کانزا لە خۆ دەگرێت، هەروەها سەرچاوەیەکی زۆر باشی پڕۆتینی کوالیتی بەرزە کە سوودی زۆری بۆ تەندروستی ماسوولکە و بە بەهێزیی هێشتنەوەیان هەیە".

هەر هێلەکەیەک لە 6 گرام پڕۆتین و ٧٢ کالۆری پێکهاتووە و یەکێکە لەو خواردنانەی بە شێوەیەکی سروشتی ڤیتامین دی لەخۆ دەگرێت.

ئایا خواردنی زەردێنەی هێلکە زیانی هەیە؟

مشتومڕێکی زۆر هەبوو لەبارەی ئەوەی زەردێنەی هێلکە زیانی هەیە بەوەی هەر هێلکەیەک 186 ملیگرام کۆلیستڕۆڵ لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا مرۆڤ نابێت رۆژانە لە 300 ملیگرام زیاتر کۆلیستڕۆڵ بخوات.

توێژینەوە نوێکان دەریانخستووە، کۆلیسترۆڵی خۆراکیی کاریگەری زۆر لەسەر زیادبوونی کۆلیستڕۆڵی خوێن دروست ناکات و مەترسی بۆ تەندروستی دڵ دروست ناکات ئەگەر بەشێوەیەکی رێکخراو بخورێت.

ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆلیستڕۆڵ هەیە نەخۆشی بۆماوەیی، وەرزشنەکردن، خواردنەوەی مەی و جگەرێکێشانە.

لە راستیدا، توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی رۆژانە یەک هێلکە دەخۆن، کەمتر دووچاری نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە دەبنەوە چونکە هێلکە بە کۆلیستڕۆڵی بە سوود (ئێچ دی ئێڵ) دەوڵەمەندە.

جیا لەمەش، زەردێنەی هێلکە، زۆر دەوڵەمەندە بە ئاسن، فۆلات، ڤیتامینەکان، لوتێین و زاگزانتین.

چۆن هێلکە ئامادە بکرێت؟

پێش لێنانی دەبێت ئەوە بزانرێت کە هێلکەیەک کە بە سرووشتی بەرهەم هێنراوە، جیاوازی هەیە لە هێلکەیەک کە لە کارگەکان بەرهەم دەهێنرێت.

هێلکە بە سرووشتی سوودی زیاترە و کەمتر ئەگەری ژەهراوی بوونی هەیە.

هەروەها کوڵاندنی هێلکە باشترین جۆری لێنان و ئامادەکردنی هێلکەیە تاکو سوودەکەی لەدەست نەدات.

‌‌H.J