براهیم دیاز ته‌نیا به‌هۆی ئه‌م هۆكاره ریال مه‌دریدی هه‌ڵبژاردووه
یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ئیبراهیم دیاز وه‌ك یاریزانی نوێی ریال مه‌درید
ئیبراهیم دیاز یاریزانی نوێی ریال مه‌درید دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی پزیشكی تێپه‌ڕاند و به هانده‌ران ناسێندرا، به‌شداریی یه‌كه‌مین پرێس كۆنفرانسی كرد و له یه‌كه‌مین لێدوانی‌دا نهێنی هه‌ڵبژاردنی ریال مه‌دریدی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه باشترین یانه‌ی جیهانه، گوتیشی: بۆ یاری چوارشه‌ممه‌ی داهاتووی ریال مه‌درید بۆ یاریكردن ئاماده‌م.
ئیبراهیم دیاز یاریزانی به‌ڕه‌سه‌ن مه‌غریبی نوێی ریال مه‌درید رایگه‌یاند به هاتنی بۆ ریال مه‌درید خه‌ونه‌كه‌ی هاته دی، گوتیشی: ئه‌مرۆ رۆژێكی تایبه‌ته بۆ من و خانه‌واده‌كه‌م، هه‌رگیز ئه‌م ساتانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌بیر ناكه‌م، زۆر خۆشحاڵ و ئاسووده‌م و تامه‌زرۆم بۆ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم به درێسی ریال مه‌درید.
دیاز گوتیشی: كاتێك بڕیارمدا له مانچێسته‌ر سیتی بڕۆم و ریال مه‌درید ئۆفه‌ره‌كه‌ی پێشكه‌ش كردم، 3 رێگه‌م هه‌ڵبژارد، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیكردن بوو به ریال مه‌درید، دووه‌میش هه‌ر ریال مه‌درید بوو، سێیه‌مش ریال مه‌درید بوو.
یاریزانه نوێیه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌شڵێت: هه‌مووان ده‌پرسن بۆچی ریال مه‌دریدم هه‌ڵبژارد، بێگوومان وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر ئاسانه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ریال مه‌درید باشترین یانه‌ی جیهانه، پۆشینی درێسی ریال مه‌درید وه‌ك شه‌مه‌نده‌فه‌رێك وایه یه‌كجار بۆت رێكده‌كه‌وێت و به ته‌نیشتت تێده‌په‌رێت.
دیاز گوتیشی: هاتووم تا هه‌موو هه‌وڵێكم بۆ یارمه‌تیدانی تیپه‌كه‌م بده‌م، تینووی یاریكردنم، ئاماده‌م هه‌موو ڕێنمایی و داواكارییه‌كانی راهێنه‌ر جێبه‌جێ بكه‌م، كێشه‌م نابێت ئه‌گه‌ر له هێڵێ پێشه‌وه یاری بكه‌م.
یاریزانه لاوه‌كه‌ی ریال مه‌درید گوتیشی: له ئێستاوه تێده‌كۆشم بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی خۆم له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ریال مه‌درید جێگیر بكه‌م، ئاماده‌م به باشترین شێوه له پێناو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی مه‌شق بكه‌م.
براهیم دیازی ناوه‌راستكار له ئه‌كادیمیای مان سیتی پێگه‌یشتووه، له‌گه‌ڵ تیپی لاوانی یانه‌كه له كۆی 33 یاری 11 گۆڵ و 10 ئاسیستی هه‌یه، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی گواردیۆلاش 15 یاری له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌م كردووه و 2 گۆڵی تۆمار كردووه، ئه‌گه‌رچی به‌ڕه‌سه‌ن مه‌غریبییه، به‌ڵام هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسپانیایه و یاریزانی تیپی لاوانی هه‌ڵبژارده‌ی ماتادۆرهكانه.
