راپۆرتێكی ئەمەریكی: عێراق گاز و كارەبا بەھەدەر دەدات
عێراق 500 مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەكات
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەمەریكی، عێراق دە ھێندەی ئەو بڕە گازە بەھەدەر دەدات كە لە ئێرانەوە ھاوردەی دەكات.
سەبارەت بە راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتن، ئەو بڕە گازە سرووشتییە و ئەو كارەبایەی كە عێراق لە ئێرانەوە ھاوردەی دەكات، دە ھێندەی بڕی پێویست، بەھەدەر دەدات.
ھەر بەپێی راپۆرتەكە، لە وەرزی زستاندا عێراق 500 مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەكات و 1200 مێگاواتیش لە وەرزی ھاویندا بە تێچوویەك كە دەگاتە نزیكەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
سەبارەت بە گازی سرووشتی ئاماژە بەوەكراوە، ھەناردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە 154 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، بەو جۆرەش عێراق بە بەھای دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ساڵانە گاز بەھەدەر دەدات كە دەكاتە دە ھێندەی بڕی پێویست.
ئەمە لەكاتێكدایە عێراق لە ھەموو جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵ ئێراندا پێویستە بە دیناری عێراق ئەنجامی بدات نەك دۆلار .