یه‌كێتی و گۆڕان خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌

ئه‌ندامێكی پارتی: رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتی نابێت

K24- هه‌ولێر:

بەشداریکردنی گۆڕان و یەکێتی لە حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان یەکلا بۆتەوە، بەڵام پارتی وەک لایەنی سەرەکی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ھیشتا یەکلانەبۆتەوە, ئاخۆ لەگەڵ کام لایەن زوتر ڕێککەوتن دەکات, کارگێرێکی لقی 4ی پارتی دەڵێت: ڕێکكەوتنی پارتی و گۆڕان نزیکترە، ئەگەر ئەوەش کرا ئەوا گرفت بۆ ڕێکكەوتنی پارتی و یەکێتی دروست ناکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان ٣ لایەنی پێکھێنەری سەرەکین بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نویی حکوومەتی ھەرێم، بەڵام تائێستا ڕێکەوتنی کۆتايی لە نێوان پارتی و یەکێتی یاخود پارتی و گۆڕان نەکراوە، پێشھاتەکان و بەڕێوەچونی گفتوگۆکانيش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، بۆ ئەم قۆناغە پارتی زیاتر لە گۆڕانەوە نزیکترە وەک لە یەکێتی. له‌مباره‌شه‌وه‌ عینایه‌ت نامیق، کارگێری لقی 4ی پارتی دەڵێت: "گۆڕان ڕازییە بە ئيستحقاقى ھەڵبژاردن خۆی به‌شداری له‌ حكوومه‌ت بكات، بۆیە ڕێکكەوتنی پارتی و گۆڕان نزیکترە و, ئەگەر ئەوەش کرا, ئەوا گرفت بۆ ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی دروست ناکات".

له‌كاتێكدا شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان و جومگەکانی دەسەڵات، ناونیشانی بەشداریکردنی یەکێتیە لە حکوومەتی داھاتوو، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئەندامی سەرکردایەتی ئه‌و حیزبه‌ش ده‌ڵێت: "گفتوگۆکانی ئێستا ڕاوێژکارین, ھەرکاتێک پەرلەمان کاندیدی دیاریکراوی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕاسپارد، ڕێکكەوتنی یەکێتی و پارتی دەکرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كه‌ بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دوولیژنەی پێکھێناوە و ئەمەش ڕێگا خۆشکەرە بۆ زووتر ڕێكکەوتنی گۆڕان و پارتی، کاردۆ محەمەد, پەرلەمانتاری پێشوتری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "ڕێكکەوتنی کۆتايی دەمێنێتەوە سەر ئەو بنەمایانەی کە لە نێوان لایەنەکان بۆ کارنامەی حکوومەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

لە نێوان پارتی و یەکێتی و پارتی و گۆڕان چەند دانیشتنێک بە مەبەستی پێکھێنانی حکوومەت ئه‌نجامدراوه‌، ڕِەنگە چەند ڕۆژی داهاتووش گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بەڕێوەبچێت, کە پێشبینی ده‌كرێت، پرسی پێکھێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکلايى بکرێتەوە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتيش خێراتر بکرێن.

H.B