دوو کەشتی پەنابەران نقووم بوون
پێش گەیشتنە ئیتاڵیا لە دەریای ناوەڕاست دیار نەماون
K24 – ههولێر:
170 پەنابەر کە لە دوو بەلەمی جیاوازدا بوون لە دەریای ناوەڕاست دیار نەماون و زۆر بەیان خنکاون.
هێلیکۆپتەرێکی ئیتاڵیا توانیویەتی تەنها سێ پەنابەریان رزگار بکات، بەڵام ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە و گومان دەکرێت هەموویان خنکابن.
بەوگوێرەی هەواڵێکی RaiNews24، ئەو سێ پەنابەرە رزگارکراوە ئاشکرایانکردووە، لە رۆژی هەینیەوە بەلەمەکەیان نقووم بووە و 120 کەس کە ژن و منداڵی تێدایە نقوومی دەریا بوون.
کەشتییەکان لە مەغریبەوە بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆشتن، بەڵام بەرگەی شەپۆلی دەریا و زۆری خەڵکەکەیان نەگرتووە و نقووم بوون، تەواوی هەوڵەکانی ئیتاڵیا و مەغریب بۆ رزگارکردنیان بێ سوود بووە.
لە ١٦ رۆژی یەکەمی ئەم ساڵ، 4 هەزار و 449 پەنابەر بە شێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا لە ئەفریقاوە و ئەم رێژەیەش بە بەروارد بە ساڵی پار نزیکی دوو هێند زیادی کردووە.
ساڵی 2018، دوو هەزار و 297 پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست خنکان و 116 هەزار و 989 پەنابەریش لە رێگای دەریا خۆیان گەیاندە ئەوروپا.
H.J