800 هه‌زار كارمه‌ندی فیدرالی ئه‌مه‌ریكا بێ مووچه‌ ده‌وام ده‌كه‌ن

جۆرج بوش پیتزا بۆ كارمه‌ندان ده‌كڕێت و داواش له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات پرسه‌ سیاسییه‌كان وه‌لا بنێن و حكوومه‌ت كارا بكه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جۆرج بوش، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، به‌ ده‌ستی پڕ له‌ پیتزاوه‌ سه‌ردانی تیمێكی سیكیوریتی ده‌كات، چونكه‌ له‌كاركه‌وتنی حكوومه‌تی فیدرالی ئه‌مه‌ریكا، پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

جۆرج بوش، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، وێنه‌یه‌كی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خواردنی پیتزا بۆ تیمی خزمه‌تگوزاریی نهێنی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بات.

به‌ گوێره‌ی یاساكانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌موو سه‌رۆكێك تیمێكی خزمه‌تگوزاری نهێنی بۆ داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوای سه‌رۆكایه‌تییش پاسه‌وانی لێبكه‌ن.

بوش له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆكه‌ نووسیویه‌تی: "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوولا، سیاسه‌ت به‌لاوه‌بنێن و به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به‌ له‌كارخستنی حكوومه‌ت".

له‌ كاركه‌وتنی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، پێی ناوه‌ته‌ پێنجه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ زۆرترین ماوه‌ی له‌ كاركه‌وتنی حكوومه‌ت داده‌نرێت له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا.

به‌و هۆیه‌وه‌ش نزیكه‌ی 800 هه‌زار كارمه‌ندی فیدرالی به‌بێ وه‌رگرتنی مووچه‌ كارده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی په‌سه‌ند نه‌كردنی بودجه‌ی ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕگه‌ی ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆ درووستكردنی دیواره‌كه‌ی سه‌ر سنووری ئه‌مه‌ریكا و مه‌كسیك نه‌داوه‌.

له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 6 هه‌زار كارمه‌ندی ده‌زگای خزمه‌تگوزاریی نهێنییه‌، تا ئێستاش نزیكه‌ی 85%یان له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن به‌بێ ئه‌وه‌ی مووچه‌ وه‌ربگرن.

حكوومه‌ت بۆ په‌كیكه‌وتووه‌؟

ئێستا پارتی دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌ به‌رهه‌ڵستكاری سیاسه‌ته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكان، كه‌ له‌سه‌ر پارتی كۆمارییه‌كانه‌، زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و نانسی پیلۆسی، ته‌مه‌ن 78 ساڵ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یه‌.

پیلۆسی به‌ ئاشكرا دژایه‌تی خۆی و دیموكراته‌كانی  بۆ ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ درووستكردنی دیواره‌كه‌ی سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ مه‌كسیك نیشانداوه‌، كه‌ تره‌مپ وه‌ك به‌ڵێنێك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا له‌ ساڵی 2016 به‌ ده‌نگده‌رانی داوه‌.

له‌ كاتێكدا تره‌مپ سووره‌ له‌سه‌ر درووستكردنی دیواره‌كه‌، هه‌رچی دیموكراته‌كانن ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ مادده‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆ دیواره‌كه‌، له‌ بودجه‌ی 2019ی ئه‌مه‌ریكا ته‌رخان بكه‌ن، تره‌مپیش به‌بێ ئه‌و خاڵه‌ هیچ بودجه‌یه‌ك واژۆ ناكات، به‌و هۆیه‌وه‌ش، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌كاركه‌وتووه‌.

 

سه‌رچاوه‌: BBC

ئ. م