ئەردۆغان بۆ ترەمپ: توركیا كات بەفیڕۆ نادات
باسی پولەكردن لە دروستكردنی ناوچەی ئارامیان كردووە
K24 - ھەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكانی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی ناوچەكە و كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكایان لە سووریا كرد و ئەردۆغان جەختی لە چوونی ھێزەكانیان بۆ منبج كردووەتەوە و راشیگەیاندووە كە توركیا كات بە فیڕۆ نادەن.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا.
سەرچاوەیەك لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە "لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و ترەمپ باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دواپێشھاتەکانی سووریا کراوە. ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدات ئامادەیە ئاسایشی منبج بگرێتە دەست و رێگا بە کارەکانی پەکەکە و درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا بە ناسەقامگیرکردنی باکووری رۆژھەڵات نەدات".
بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە "ئەردۆغان و ترەمپ رێککەوتن لەسەر لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش بە ھاوبەشی و گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی کە رێگری لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش دەکەن. ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پرسی راوێژکاریی نێوان ھەردوو سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ئەمریکا لەسەر بابەتی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام خێراتر بکرێت و قەبارەی بازرگانی لە نێوان ھەردوو وڵات زیاتر بکرێت".
ئەوەش ئاشكرا كراوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی تەقینەوەكەی ھەفتەی رابردووی منبجیان كردووە، ئەردۆغان سەرەخۆشی خۆی بە ترەمپ راگەیاندووە بەھۆی گیان لەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمەریکیانەی کە لە ھێرشە تیرۆریستییەکەی ھەفتەی رابردوو لە منبج گیانیان لەدەستدابوو، راشیگەیاندووە کە ئەو کردارە بریتی بووە لە کارێکی تێکدەرانە لە بەرامبەر بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا.