خه‌ڵكی مووسڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ مه‌ترسی ده‌زانن

"6 هه‌زار كه‌س چاره‌نووسیان نادیاره‌"

K24 - هه‌ولێر:

هاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا لە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق نیگەرانن و بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر شارەکەیان  تۆمەتباریان دەکەن، ئەندامێکی پەرلەمانیش لە بازنەی پارێزگای نەینەوا ئاماژە بەوەدەدات، نزیکەی 6 هەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا چارەنووسیان نادیارە.

نایف شەمەری، پەرلەمانتاری عێراق لە بازنەی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "بەشێک لەو کەسانەی چارەنووسیان نادیارە لەلایەن داعشەوە پێشتر دەستگیرکراون و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، هەروەها میلیشیا چەکدارەکان, سووکایەتی بە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەن و لەبەرامبەر ئازادکردنیشیان داوای پێدانی 4 هەزار دۆلار دەکەن".

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو میلیشیایانە، ئەو پەرلەمانتارەی بازنەی پارێزگای نەینەوا ئاشکرایکردووە، راستەوخۆ ئەو پرسەیان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیران و پێیانڕاگەیاندووە.

بێکاریی، هەژاری  و نەبوونی خزمەتگوزاری چەند پرسێکی دیکەن، کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا دەکەن، نایف شەمەری له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی ئەو پارێزگایە لەژێر هێڵی برسێتین و نەشوێنێک بۆمانەوە و نە هیچ خۆراک و خواردەمەنییەکیان هەیە، تەنیا لەسەر ئەو هاوکارییانە دەژین، کە لەلایەن خەڵکی خێرخوازەوە پێیاندەبەخشرێت".

ئەو پەرلەمانتارە هۆکاری خراپی بارودخەکەشی بۆ کەمتەرخەمی حکومەت گەڕاندەوە وجەختیکردەوە، حکومەتی عێراق لەبەرامبەر دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا کەمتەرخەم بووە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d5e75002-fdb7-4601-82d1-58298b27a3b8/012319EJZ.ism/manifest