هەسەدە وادەی کۆتایی هێنان بە داعش ئاشکرا دەکات

دواین مۆڵگەی داعش گەمارۆ دراوە

K24 – هه‌ولێر:

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگی داهاتوو کۆتایی بە داعش لە سووریا دەهێنن.

بەگوێرەی هەواڵێکی فرانس پرێس، مەزڵوم لە بارەی ئۆپەراسیۆنی هەسەدە دژ بە داعش لە سووریا رایگەیاندووە: "ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە جیهادییەکانی داعش لە قۆناغی کۆتاییە و لەماوەی یەک مانگی داهاتوو داعش لەناو دەبردرێت".

دەشڵێت: "هێزەکانمان دواین ناوچەی داعشییان گەمارۆ داوە و جەنگ بەردەوامە".

له‌ ئه‌يلوولى رابردووه‌وه‌، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات هێرشه‌كانى خۆى بۆ سه‌ر دواين مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى داعش ده‌ستپێكردووه‌.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا چه‌ندين گوند له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش رزگاركران و سه‌دان خێزانيش گواسترانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ ئارامه‌كان.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، داعش تواناى به‌رگه‌گرتنى شه‌ڕى به‌ره‌يى نه‌ماوه‌ و ناچار تاكتيكى (ده‌ست بوه‌شێنه‌ و راكه‌) به‌كار ده‌هێنێت.

ئەمەریکا نیازی هەیە دوای لەناوبردنی داعش لە سووریا، هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە و هەسەدەش دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکەونە گفتوگۆ.