رووسیا لەبارەی ناوچەی ئارام پەیامێک بۆ ئەنقەرە دەنێرێت
ئەردۆغان: تەنها تورکیا دەسەڵاتی دروستکردنی ناوچەی ئارامی هەیە
K24 – ههولێر:
رووسیا پێیوایە، پێویستە ئەنقەرە و دیمەشق لەسەر ناوچەی ئارام رێکبکەون و ئەردۆغانیش دەڵێت، تەنها تورکیا دەسەڵاتی دروستکردنی هەیە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ھاوتا مەغریبییەكەی، لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا رایگەیاند: "پێویستە حكومەتی توركیا لەگەڵ حكومەتی سووریا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام رێكبكەوێت".
جەختیشیكردەوە: "رێككەوتنێك لە ساڵی 1998 لە نێوان توركیا و سووریا واژۆ كرابوو بە ناوی رێككەوتنی "ئەدەنە"، بەو رێككەوتنە توركیا دەتوانێت بچێتە قوولایی خاكی سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی و ھێشتاش ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت".
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی 25/01/2019 رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو: "لەماوەی چەند مانگی داهاتوو ناوچەی ئارام لە سووریا دروست دەکرێت و تەنها تورکیاش دەسەڵاتی دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامەی هەیە".
ئەمەریکا نیازی هەیە، لە دوای کشانەوەی لە سووریا، بە دروستکردنی ناوچەی ئارام، رێگری لە جەنگی تورکیا دژ بە ناوچە کوردییەکان بکات و هاوپەیمانەکانی بپارێزێت، بەڵام لایەنەکانی سووریا و دەرەوەی سووریا، بۆچوونی جیاوازیان لەو بارەیەوە هەیە.