داعش لە خانەقین ھێرشی كرد
پەلاماری بازگەیەكی ھێزە ئەمنییەكانیان داوە
K24 - گەرمیان
درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر بازگەی مەلەك شا لە خانەقین، کە بە بازگەی بەختیاری ناسراوە، لە ئەنجامدا 3 كارمەندی ئاسایش و دوو پۆلیس برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە خانەقین ھەوالەكەی بۆ كوردستان24 پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند: "بەھۆی ھێرشی چەکدارانی داعشەوە بۆ سەر بازگەی بەختیاری کە دەکەوێتە نزیكی سەنتەری شاری خانەقینەوە سێ کارمەندی ئاسایشی گەرمیان و دوو پۆلیسی خانەقین بریندار بوون".
سەرچاوەکە گوتیشی: "ئەو بازگە ھاوبەشەی پۆلیس و ئاسایشی گەرمیان کە ھێرش کراوەتە سەر لە سەنتەری شاری خانەقینەوە دوور نییە، بۆیە ھێرشەكەی داعش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی خانەقین دروست كردووە، چونکە لەكاتی شەڕەكەدا دەنگی تەقە لەناو سەنتەری خانەقین بیستراوە".



