له پهرلهمانى عێراق كار بۆ دهركردنى هێزهكانى ئهمهريكا دهكرێت
دەبێت هێزەکانی ئەمهریکا لە ماوەی ساڵێکدا بەتەواوی لە خاکی عێراق بکشێنەوە
K24 – ههولێر:
هاوپەیمانێتی سائیروون لە رێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە داوا دەکات، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێک حکومەت ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی سۆفیای نێوان واشنتن و بەغدا بکات.
لە پڕۆژە یاساکەی سائیروون هاتووە: دەبێت هێزەکانی ئەمهریکا لە ماوەی ساڵێکدا بەتەواوی لە خاکی عێراق بکشێنەوە، لە ئەگەری پێویستی هێزەکانی عێراق بە راوێژکارانی ئەمهریکاش، ئەوا دەبێت حکومەت لە رێگەی پەرلەمانەوە داوای مانەوەی راوێژکاران بکات.
سەباح ساعدی، سەرۆکی کوتلەی سائیروون، لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، دەبێت هێزەکانی ئەمهریکا لەماوەی ساڵێکدا بە تەواوی لە خاکی عێراق بکشێنەوە، لە ئەگەری پێویستی عێراق بەبوونی راوێژکاری بیانی و ئەمهریکی، ئەوا دەبێت حکومەت داوایەک ئاراستەی پەرلەمان بکات و لە رێگەی پەرلەمانەوە بڕیار لە مانەوەی راوێژکاران بدرێت.
واشنتن و بەغدا رێککەوتننامەی سۆفیایان هەیە، کە لە ساڵی 2011 ئەنجامیانداوە، بە پێی رێککەوتنەکە لە زۆر حاڵەتدا ئەمهریکییەکان بۆیان هەیە هێز رەوانەی عێراق بکەنەوە، هاوپەیمانێتی سائیروون جگە لە دەرچوونی هێزەکانی ئەمهریکا داوا دەکات، حکومەت ئەو رێککەوتننامەیەش هەڵبوەشێنێتەوە و بە تەواوی کۆتایی بە هەژموونی ئەمهریکا لە عێراق بهێنێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی گوتووە، 59 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر پڕۆژەیاساکەی هاوپەیمانێتی سائیروون کردووە و چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمانن.
لەبەرامبەریشدا هەیبەت حەلبووسی، پەرلەمانتاری عێراق لە بازنەی پارێزگای ئەنبار لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی سۆفیا رایگەیاندووە، ئەوان دژی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی سۆفیان، چونکە راوێژکارانی ئەمهریکا راوێژ بە هێزەکانی عێراق دەدەن و لە پاراستنی سنوور هاوکارییان دەکەن.