زانیاری نوێ له‌باره‌ی سێ مووچه‌كه
هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له به‌غدا به‌رده‌وامن
K24- هه‌ولێر:
بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ پەسەند کراو دەبێت؛ ئه‌گه‌ر لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کار به یاساكه بکرێت، بەڵام ھێشتا ھەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە حكوومه‌تی عێراق مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران لەم ساڵدا بنێرێت، ئه‌گه‌ر یاسای بودجه‌ش له مانگی چواره‌وه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه سێ مووچه‌ی ئه‌مساڵیش دواكه‌وتنی تێبكه‌وێت.
له‌مباره‌یه‌وه سادق هه‌ڵه‌دنی، كه پیشه‌ی مامۆستایه، له‌ڕێگه‌ی كوردستان 24ـه‌وه داوا له حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه بێت كه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه به عێراق واژووی كردووه، بۆئه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا هیچ پاساوێكی نه‌مێنێت له پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
له كاتێكدا مووچه‌ی پێشمه‌رگه و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 جێگیر و په‌سه‌ند كراوه و ئه‌گه‌رچی ھەرێمی کوردستان هێشتا چاوه‌ڕوانه بەغدا مووچەی 2 مانگی ساڵی ڕابردووش بنێرێت، به‌ڵام تائێستا دیار نییه كه‌ی مووچه‌ی دوو مانگی ئه‌مساڵ ده‌نێرێت.
دانا شەھید جەزا، په‌رله‌مانتاری پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش جه‌خت ده‌كاته‌وه، "له‌كاتێكدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی ساڵی رابردووی عێراقیش جێگیر كرابوو و پێویست بوو مانگانه حكوومه‌تی به‌غدا بڕی 317 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ته‌رخان بكات، به‌ڵام ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه له مانگی 4ـه‌وه ده‌ستی پێكرد، بۆیه وه‌زیری دارایی و لایه‌نه‌كانی دیكه له به‌غدا له هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه داراییه‌ی فه‌رمانبه‌رانن".
بە گوێره‌ی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، ئەگەر ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئەوا حکومەتی عێراق پاپه‌ند دەبێت به پێدانی بڕی ١٠ ترلیۆن و ٨٨٠ملیار دینار به ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر ھەرێم پابەند نەبێ، ئەوا بەغدا تەنیا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرێت کە بڕەکەی مانگانە دەگاتە ٥٢٢ ملیار دینار.
H.B