بەغدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دەگۆڕێت
دهسهڵاتى واژووكردنى نووسراوهكانى پێ دهدرێت
K24 – كەركووك:
جەمال مەلود، ئەندامی لیستی برایەتی وەك بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، قسەی لەگەڵ کراوە تاکو وەك سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەست بەکاربێت.
جەمال مەولود، بە کوردستان24 راگەیاند: "تاکو ئێستا هیچ نووسراوێک بە فەرمی نەهاتووە، بۆ دەست بەکاربوونم وەك سەرۆکی ئەنجوومەن بەوەکالەت، بەڵام لە لایەن تۆرهان موفتیەوە کە رێکخەری کاروباری ئەنجوومەنە خۆجێیەکانە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، قسەم لەگەڵ کراوەو ئەوەم پێی راگەیەندراوە کە رۆژی یەکشەممە نوسراوی فەرمی دەست بەکاربوونم دێت و دەست بەکاردەبم".
جەمال مەولود، کە ئێستا سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك گوتی: "تاکو ئێستا مووچەمان وەرنەگرتووە و بەغدا کار بە ئیمزاکانی رێبوار تاڵەبانی ناکات، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، دەبێت ناوبراو بێتە بەردەم دادگا بۆ یەکلایی کردنەوەی کەیسەکەی".
گوتیشی: "من بۆ ئەوە دادەنێرم تاکو واژوو لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەران بکەم و کاروبارە ئیدارییەکانی ئەنجوومەن رای بکەم".
لەوبارەوە ئازاد جەباری، کە لەهەمان لیستە لەسەر پشکی یەکێتی بەکوردستان24ی گوت: "هێشتا هیچ نووسراوێک نەهاتووە بۆ دەست بەکاربوونی جەمال مەلود".
گوتیشی: "تەنها بەغدا نوسراوێکی کردووە دەڵێت، لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ راییکردنی نووسراوەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەم کارەش دیار نییە چۆن دەکرێت، ئەگەر ئەوەش بکرێت کێشە نامێنی و کارەکان دەڕوات".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بەغدا ئەگەر نووسراویش بکات بۆ جەمال مەولود، تا دەست بەکاربێت، تەنها بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانە ئەگەر کەسێک رابسپێری، چونکە دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەن لەدەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجوومەنە، نەک لایەنی دیکە".
