بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتنی نوێی وزە تاوتوێ دەکەن
عێراق و تورکیا دەستپێکی دانوستانەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە سێکتەری نەوت و گاز راگەیاند.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، باسم محەمەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق و ئەلپ ئارسلان بەیراقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێکی دانوستانەکانیان بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە راگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە نەخشەڕێگەیەکی پێشنیارکراوی تاوتوێ کردووە بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە پەرەپێدانی ژێرخانی سێکتەرەکانی نەوت و گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی، بازرگانیی وزە، لەگەڵ دیاریکردنی رێگاکانی پەرەپێدانی چوارچێوەکانی کار و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.
وەزارەتی نەوت روونیکردەوە، ئامانجی کۆبوونەوەی دەستپێکی دانوستانەکان، داڕشتنی بنەماکانی هاوکاریی ستراتیژی و فراوانکردنی ئاسۆی بەشداریکردنە لە بوارەکانی نەوت، گاز و وزەدا.
شاندی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا پێکهاتبوو لە نەسیر عەزیز جەبار، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیاکانی بەبازاڕکردنی نەوت، نەوتی باکوور، پڕۆژە نەوتییەکان و هێڵەکانی بۆڕیی نەوت، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگەکانی ئابووری، یاسایی، گرێبەستەکان و مۆڵەتە نەوتییەکان.