مقاوەمەی ئیسلامی: ئەمریکا بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمانی عێراق
گرووپەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راپۆرتێکی نوێی چاودێریی مەیدانیدا هێزەکانی ئەمریکایان بە پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەریی خاکی عێراق تۆمەتبار کرد و رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگی و سیخوڕییەکانی واشنتن لە چەندان ناوچەی جیاوازی وڵاتەکە بەردەوامن لە کردنی گەشتی سەربازی.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ڤیدیۆییەی لەلایەن راگەیاندنی مقاوەمەی ئیسلامییەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە 30ـی ئەیلوولدا هاوکات لەگەڵ وادەی راگەیاندراوی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، 14 فڕینی سەربازیی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی عێراقدا تۆمار کراون، ئەوەش لە کاتێکدایە واشنتن بانگەشەی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق دەکات.
لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی چەند پێشێلکارییەکی ئاسمانی خراونەتەڕوو:
1- فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی (F-35) لە ئوردنەوە هەڵفڕیوە و بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و ناوچەکانی رۆژئاوای پایتەختدا سووڕاوەتەوە و دواتر بەرەو ناوچەی سێرسار و رەمادی کشاوە.
2- فڕۆکەی جۆری (KC-135)ی تایبەت بە پڕکردنەوەی سووتەمەنیی لە ئوردنەوە هاتووەتە نێو ئاسمانی عێراق و بەسەر پارێزگای ئەنبار و حەوزی فوراتدا فڕیوە.
3- فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی (C-130) لە بنکەی "عەین ئەسەد"ەوە هەڵفڕیوە و بەسەر ئاسمانی ئەنباردا گەشتی کردووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر باسی کشانەوەی هێزەکان لەو بنکەیە کرابوو.
4- فڕۆکەی تایبەت بە پەیوەندییە سەربازییەکان لە جۆری (E-11) بەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقدا چاودێری کراوە.
هەروەها رایانگەیاند، لە ئاسمانی شارەکانی بەغدا و بەسڕە فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-16)، و بەسەر موسڵ، ئەنبار و بەسڕەشدا فڕۆکەکانی گواستنەوە و سووتەمەنی چاودێری کراون، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) بەسەر ئاسمانی کەرکووک، بەغدا و دەروازەی سنووریی "قائیم"دا بۆ ئەرکی سیخوڕی و هەواڵگری بەکارهێنراون.
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، مقاوەمەی ئیسلامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە وردی چاودێریی سەرجەم جووڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەکەن و فێڵ و بەڵێنەکانی واشنتن لەبەرچاو دەگرن، هاوکات داوای لە بەرپرسان و حکوومەتی عێراق کردووە هەڵوێستی روونی خۆیان لەسەر ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانەی سەروەریی خاکی وڵات ئاشکرابکەن.