ئەمەریکا داوای لە سێ وڵاتی هاوپەیمانی کردووە کوردەکان بپارێزن
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی نهێنییەکی کۆشکی سپی ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
ئەمەریکا داوای لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئوستوڕاڵیا کردووە یارمەتی بدەن لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکانی رۆژئاوا بە درێژای 32 کیلۆمەتر.
رۆژنامەی Wall Street Journal ئەمەریکی لە سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا داوای لەو سێ وڵاتە کردووە تاکو بەشداری بکەن لە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، بەڵام تاکو ئێستا هیچ کام لەو وڵاتانە قایل نەبوون بە داواکەی واشنتن.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، تورکیا سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی هێزە کوردییەکان بەڕێوەیان دەبەن، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت لە رێگای دروستکردنی ناوچەی ئارام رێگا بەو کارەی تورکیا بگرێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، "ئابووری تورکیا دادەڕمێنێت ئەگەر هێرشبکاتە سەر هاوپەیمانە کوردەکان"، تورکیاش لە وەڵامی گووتی: "بێ نان و ئاو دەبین، بەڵام هەر شەڕی "تیرۆر" دەکەین".
تورکیا لەگەڵ دروستکردنی ناوچەی ئارام ناکۆکیی نییە، بەڵام ئەنقەرە دەڵێت دەبێت سوپای تورکیا بە دروستکردن و چاودێریکردنی ئەو ناوچە ئارامە هەڵبستێت، پێشنیازێک، کە حکوومەتی سووریا و هێزە کوردییەکانی وەک یەپەگە و پەیەدە کۆک نین لەگەڵی.
H.J