ژنێک ئامادەی پرسەکەی خۆی دەبێت

لەجیاتی پرسە و گریان، سەما و گۆرانی پێشکەش کرد

K24 – هه‌ولێر:

ساماندا فۆردی تەمەن 58 ساڵ لە ساڵی 2017 دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بوو، بە گووتەی پزیشکەکانی، دەبوو مانگی رابردوو ساماندا بمردایە.

ئەگەرچی بارودۆخی ئەو ژنە خراپە، بەڵام دەڵێت ئەوەی هێشتوویەتی تا ئێستا بمێنێتەوە، گەشبینییەتی بەرامبەر بە ژیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مێترۆ، ساماندا بڕیاریداوە، لە پرسەکەی خۆی بەشداربێت و دوای مردنیشی، پرسەی بۆ دانەنرێت.

لەبارەی ئەو بیرۆکەیە، ساماندا دەڵێت: "دەمەوێت خەڵک دڵخۆش بێت، دواجار هەموومان کۆتاییمان دێت. بیرم کردەوە بۆچی لە پرسەکەی خۆم خۆشەویستانم نەبینم؟".

دەشڵێت: "تاکو وزەم تێدابێت، ئەو کارانە دەکەم کە خۆم و دەوروبەرەکەم دڵخۆش دەکات".

لەو شەوەدا، ساماندا لەگەڵ کەسە نزیکەکانی، گۆرانی دەگووت و سەمای دەکرد، وەک خۆی دەڵێت، شەوێکی زۆر خۆشیان بەسەر بردووە، خاتوون دەیەوێت، کاتێک دەوروبەرەکەی بیری لێدەکەنەوە، بیر لەو شەوە بکەنەوە، نەک پرسەیەکی پڕ گریان.

H.J