هۆکارێکی نوێی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دۆزرایەوە

100 ملیۆن کەس تەنها لە ئەمەریکا کێشەی فشاری خوێنیان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

توێژەران پەیوەندی نێوان بەرزی فشاری خوێن و کەمی ئاستی زینک ئاشکرا دەکەن.

بەگوێرەی داتاکانی یەکێتی تەندروستی دڵی ئەمەریکا، تەنها لە ئەمەریکا، 100 ملیۆن کەس بەجۆرێک کێشەی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە.

چەند توێژەرێکی پزیشکی لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر پەیوەندی نێوان کەمی ئاستی زینک و فشاری خوێن ئەنجامداوە و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لە گۆڤاری American Journal of Physiology بڵاوکردووەتەوە.

ئەو توێژەرانە تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکی تاقیگە کردووە و مشکەکانیان بەسەر دوو گرووپدا بەش کردووە. گروپی یەکەم کە فشاری خوێنیان بەرزبووە، بڕێک لە زینکیان پێدراوە و فشاری خوێنیان ئاسایی بووەتەوە.

مشکەکانی گروپی دووەم کە ئەوانیش فشاری خوێنیان بەرزبووە، دەرمانی کەمکردنەوەی فشاری خوێن Hydrochlorothiazide))یان پێ دراوە، ئەوانیش هاوشێوەی گروپی یەکەم، فشاری خوێنیان دابەزیووە و ئاسایی بووەتەوە.

هەروەها توێژەران، تاقیکردنەوەیان لەسەر شانە جیاوازەکای ئاژەڵ کردووە و تیایدا بۆیان دەرکەوتووە، کەمی زینک، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

گەر کەسێک بیەوێت بزانێت کەوا رێژەی زینک لە لەشیدا کەم نییە، دەتوانێت پشکنینی خوێن بکات و لەو رێگەیەوە بۆی دەردەکەوێت.

بەرزبوونەوەی فشاری خوێن چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە کە گرنگترینیان نەخۆشییەکانی دڵ، جگەرە کێشان، مەی خواردنەوە و نەخۆشییەکانی شەکرە و گورچیلەن.

هەروەها، هەندێک نەخۆشی کە دەبنە هۆی نەچوونی ئۆکسجینی پێویست بۆ مێشک، کاردەکەنە سەر بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

Medical News Today

H.J