بڕیارێك لە بەرژەوەندی بەرھەمی ناوخۆیی دەدرێت

بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

K24 - سلێمانی

بە مەبەستی ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی، قایمقامیه‌تی ناوەندی سلێمانی بڕیاری قەدەخەکردنی مریشکی بەستوویدا، تا خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەمە زیاتر زەرەرمەند نەبن و بتوانن مریشکەکانیان لە بازاڕەکان ساخ بکەنەوە.

بە گوێرەی بڕیارەكە تا مانگێکی دیكە رێگا نادرێت مریشکی بەستوو ھاوردەی سلێمانی بکرێت، چونکە بەرھەمھێنانی مریشکی زیندوو پێداویستی ناوخۆ بە زیادیشەوە پڕدەکاتەوە.

ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت، تەنیا لە یه‌ك مانگی رابردووی ئەمساڵدا خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان زیاتر لە چوار ملیار دینار بەھۆی ساخ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ھەزار پڕۆژەی بەرھەمھێنانی مریشک ھەن، 800 پڕۆژەیان لە سنووری سلێمانیدایە کە ھەزار و 250 ھۆڵ لەخۆ ئەگرێت، بەرھەمی ساڵانەشیان زیاترە لە 160 ھەزار تۆن، لە کاتێکدا تەنیا ساڵانە نزیکەی 65 ھەزار تەن لە سلێمانی ساخ دەکرێنەوە.