بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و پرسی کورد ئۆپۆزسیۆن داوای رۆڵ لە سەرۆک بارزانی دەکات
دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوایەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە 02/02/2019، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ د. نەسر حەریری سەرۆكی دەستە و ئەندامانی دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆبووە و باسیان لە قەیرانەکانی ئێستا و داهاتووی سووریا کرد.
بەگوێرەی راگەیندراوێکی ماڵپەڕی سەرۆک مەسعود بارزانی: "لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانیان كرد لە پاڵپشتیكردن و پەرۆشی بۆ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵكی سووریا".
هەر بە گوێرەی راگەیندراوەکە: "دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوایان لە سەرۆك بارزانی کردووە رۆڵی هەبێت لە سەرخستنی ئەو هەوڵانەی كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و ئاییندەی كورد لەو وڵاتە لە ئارادان".
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، روونکردنەوەی رۆڵی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا و تێپەڕاندنی قەیرانەكان، چەند بابەتێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

H.J