رووسیا پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشوازی لە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتەواوی توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش ببنەوە و بەرگری لە خاکەکەیان بکەن، دوای ئەوەی بوونی 23 ساڵەی ئەمریکا بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە ناوزەند کرد.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لە 30ی ئەیلوولدا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوە و پێشوازی لە رادەستکردنەوەی تەواوی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان بوون دەکات.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کشانەوەیە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقە لە کانوونی دووەمی 2020، کە خواستی گەلی عێراقی بۆ گێڕانەوەی سەروەریی نیشتمانی بەرجەستە کرد، دوای ساڵانێکی درێژخایەن لە مانەوەی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و گوتی: ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ساڵی 2003ەوە و لە رێگەی لەشکرکێشییەک بە بیانوویەکی تەواو دروستکراو دەستی پێکرد، کە دەرەنجامەکەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکی درێژخایەن بوو بۆ سەرجەم ناوچەکە بۆ ماوەی چەندین دەیە.

زاخارۆڤا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق گەیشتوونەتە ئاستێک کە دەتوانن بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان بکەن و بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستیی سەر بە رێکخراوی داعش و گرووپەکانی دیکە بدەنەوە.

گوتەبێژی دەرەوەی رووسیا دووپاتی کردەوە کە ئاسایشی عێراق لە رێگەی دراوسێیەتیی باش و هەماهەنگیی وڵاتانی ناوچەکەوە بەدی دێت، و جارێکی دیکە پرۆژەی مۆسکۆی بۆ چەمکی ئاسایشی دەستەجەمعی لە کەنداو بەبیرهێنایەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بەبێ دەستوەردانی سەربازیی دەرەکی، پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری بکەن.