ئەمریکا سزای سەر گەشتە ئایینییەکانی عێراق لادەدات

 وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئێران پشتگیری لە بونیادنانی هاوبەشییەکی عێراقی-ئەمریکی دەکات لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس، نووسیویەتی: "دوێنێ پێنجشەممە لە واشنتن لەگەڵ سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوومەوە و ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و پێشهاتە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرد".

وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە سزاکانی سەر ئێران و کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر عێراق کراوە. فوئاد حوسێن رایگەیاند، بە قووڵی کاریگەریی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نەجەف تاوتوێکراوە، بەو پێیەی فڕۆکەخانەکە تایبەتمەندییەکی گرنگی بۆ عێراق هەیە.

هەروەها فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، سکۆت بیسێنت داواکارییەکەی عێراقی قبووڵکرد و رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەرکردنی گەشتەکانی تایبەت بە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان لە سزاکان.

وەزیری دەرەوەی عێراق پێزانینی عێراقی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربڕی بەرامبەر بەو پشتیوانی و قوربانیدانانەی پێشکەشی هێزە عێراقییەکانیان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. هاوکات جەختیکردەوە سەر پابەندبوونی حکوومەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک و سپاردنی بڕیارەکانی جەنگ و ئاشتی بە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان.

لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستخۆشی لە تێگەیشتنی حکوومەتی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە کرد بەرامبەر بە گرنگی رێزگرتن لە ئازادی ئایینی و ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتنی سەردانیکەران بۆ شوێنە پیرۆزەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆیان، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانی لێبوردەیی بێت و پشتگیری لە بنیاتنانی هاوبەشییەکی عێراقی-ئەمریکی بکات لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.