سعوودیە بەرپەرچدانەوەی سێ مووشەکی بالیستی حووسییەکانی راگەیاند

 گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پاڵپشتیکردنی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، سێ مووشەکی بالیستی لە لایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی خەمیس موشەیت لە سعوودیە کرابوون، بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێنراون.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پاڵپشتیکردنی شەرعییەت لە یەمەن، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیوویەتی: "هێزەکانیان توانیوویانە سێ مووشەکی بالیستی حووسییەکان بەرەو خەمیس موشەیت هەڵیانداون، بەرپەرچ بدەنەوە و تێکیانبشکێنن".

پێنجشەممەی رابردوو، سعوودیە رایگەیاندبوو، دوو مووشەکی بالیستی لە خەمیس موشەیت و جازان و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە خەمیس موشەییت بەرپەرچ داونەتەوە و تێکشکاندوون.

لە لایەکی دیکەوە، بەرگریی شارستانیی سعوودیە روونیکردەوە، پاشماوەی تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی لە خەمیس موشەییت، لە ناوچەی عەسیر کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی زیانی ماددیی سنووردار.

ئەم بەرپەرچدانەوانە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سعوودیە و گرووپی حووسیی نزیک لە ئێران پەرەی سەندووە. هاوپەیمانییەکە روونیکردەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا گرووپەکە زنجیرەیەک هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر خاکی سعوودیە دەستپێکردووە.