كریستیانۆ دوای ئه‌وه‌ی لوتكه‌ی گۆڵكارانی سێریا ئه‌ی گرت چی گوت؟

كریستیانۆ: له‌ لایه‌ك دڵخۆشم و له‌ لایه‌كیش دڵته‌نگ

دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی یوڤێنتۆس له‌ سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا به‌رامبه‌ر پارما له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی كه‌وته‌ داوای یه‌كسانبوونه‌وه‌ و یارییه‌كه‌ به‌ 3 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، كریستیانۆ رۆناڵدۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دڵخۆشی به‌ تۆماركردنی 2 گۆڵه‌كه‌ی ده‌ربڕی، به‌ڵام دڵته‌نگی خۆشی به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ پیشاندا.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس له‌ یاری یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر پارما دوو گۆڵی تۆماركرد و به‌ 17 گۆڵ لوتكه‌ی گۆڵكارانی سێریا ئه‌ی گرت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كریستیانۆ گوتی: دڵخۆشم كه‌ دوو گۆڵم بۆ یوڤی كرد، به‌ڵام ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ دڵته‌نگی كردم، چونكه‌ له‌و یارییه‌دا پارما هیچی نه‌كرد شایه‌نی باس بێت، ته‌نیا ئه‌وان سوودیان له‌دابه‌زینی ئاستی ئێمه‌ وه‌رگرت و هه‌ڵه‌كانی ئێمه‌یان قۆزته‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌یان یه‌كسان كرده‌وه‌.

كریستیانۆ ده‌شڵێت: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ باشترین یانه‌ین هه‌موو جیهانی سه‌یری یارییه‌كه‌ی ئێمه‌ی ده‌كرد، بۆیه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ ته‌كتیكییانه‌ بكه‌ین له‌ كاتێكدا هه‌موو جیهان سه‌یرییان ده‌كردین.

كریستیانۆ دڵنه‌وایی دایه‌ هانده‌رانی كه‌ ساڵێكی پڕده‌ستكه‌وت چاوه‌ڕێیان ده‌كات، گوتیشی: گه‌شبینم كه‌ وه‌رزێكی سه‌ركه‌وتوو له‌پێشمانه‌ و ئێمه‌ كۆڵناده‌ین و ركابه‌ری سه‌رجه‌م نازناوه‌كان ده‌كه‌ین.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 34 ساڵ، له‌ هاوینی رابردوو ریزه‌كانی ریال مه‌دریدی جێهێشت و به‌ مووچه‌ی ساڵانه‌ی 30 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس كرد، كریس له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌گه‌ڵ یوڤی ئه‌م وه‌رزه‌ 29 یاری كردووه‌، 19 گۆڵ و 8 ئاسیستی هه‌بووه‌.